Accessibility links

ڕاپـۆرتێک: لە ماوەی پـێنج ساڵی ڕابردوو 32% ی چەکی جیهان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەناردەکراوە


ئنستتیوتێکی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی تایبەت بە ئاشتی و پـڕچەککردن لە جیهاندا دەڵێت لە ماوەی 5 ساڵی ڕابردوو 32% ی هەناردەکانی چەک و تەقەمەنی لە جیهاندا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە.

ئنستتیوتی SIPRI بنکە لە سوید ئەمڕۆ دووشەممە ڕاپـۆرتێکی لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئامارێکی لە بارەی هەناردە و هاوردەی چەک و تەقەمەنی چەند وڵاتێکی سەرەکی جیهانی بڵاوکردووەتەوە.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکە، وەک چۆن لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2012 هەناردەی چەک بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا زیادیکرد، وەهاش لە 2013 بۆ 2017 زیادیکردووە، بەڵام هاوکات هەناردەکان بۆ وڵاتانی ئەفریکا و ئەوروپا و هەردوو کیشوەری ئەمەریکا کەمبووەتەوە.

ئنستتیوتەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە لە ماوەی پـێنج ساڵی ڕابردوو 34% ی ئەو چەکانەی لە جیهاندا هەناردەکراون لە ئەمەریکاوە بووە. بە دوای ئەمەریکا ئەم وڵاتانەش زۆرترین هەناردەی چەکەیان هەبووە (ڕووسیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، چین، بەریتانیا، ئیسپانیا، ئیسرائیل، ئیتالیا، هۆڵەندا).

ڕاپـۆرتەکە باس لەوەش دەکات لە ماوەی پـێنج ساڵی ڕابردوو وڵاتی هیندستان زۆرترین چەکی کڕیوە و بە دوایدا عەرەبستانی سعودیە و میسر و ئیمارات. وڵاتی چینیش هەرچەندە یەکێکە لەو وڵاتانەی چەکی هەناردەکردووە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بە پلەی پـێنجەم هاتووە لە هاوردەکردنی چەکدا.

یان ئەلیاسۆن سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئنستتیوتەکە نیگەرانی خۆی لە بارەی زیادبوونی هەناردەی چەک لە جیهاندا دەربڕیوە و دەڵێت ڕەنگە مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئارامی نێودەوڵەتی دروستبکات، بۆیە داوادەکات میکانیزمی فڕۆشتن و کڕین چەک لە جیهاندا باشتربکرێت.

XS
SM
MD
LG