Accessibility links

شەهباز شەریف جارێکی دیکە وەکو سەرۆک وەزیری پاکستان هەڵبژێردرایەوە


شەهباز شەریف
شەهباز شەریف

پەرلەمانی نوێی پاکستان ڕۆژی یەکشەممە شەهباز شەریفی بۆ دووەمین جار وەکو سەرۆک وەزیری وڵاتەکە دەستنیشان کردەوە، ئەمەش سێ هەفتە دوای هەڵبژاردنە نیشتیمانییەکانی وڵاتەکە کە نادیارییەکەی بووە هۆی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەش.

شەریف بەسەر عومەر ئەیوبدا سەرکەوت کە کاندیدێک بوو لەلایەن سەرۆک وەزیری پێشووتری پاکستان عمران خانی زیندانیکراوەوە پشتگیری لێدەکرا و 92 دەنگی بە دەستهێنا. شەریف گەڕایەوە سەر پۆستی سەرۆک وەزیری پاکستان، لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا شەریف لەو پۆستەدا نەما کاتێک کە پەرلەمانی وڵاتەکە پێش هەڵبژاردنەکان هەڵوەشێندرایەوە و حکومەتێکی کاربەڕێکەر دەسەڵاتی گرتەدەست. هیچ پارتێک ئەوەندە کورسی بە دەست نەهێناوە کە بتوانێت بە تەنها حکومەت پێکبهێنێت.

سەرۆکی پەرلەمانی پاکستان ئەیاز سادیق دوای ئەوەی ڕایگەیاند شەریف 201 دەنگی بە دەستهێناوە وتی " شەهباز شەریف وەکو سەرۆک وەزیری کۆماری ئیسلامی پاکستان ڕادەگەیەندرێت."

ڕاگەیاندنەکە خۆپشاندانی پارتی ئەنجومەنی ئیتیحادی سوننەی لێکەوتەوە کە خان پشتیوانییان لێدەکات. یاسادانەرانی پەرلەمانی پاکستان داوای ئازادکردنی خانییان کرد و دەیانوت شەریف لە ڕێی ساختەکاریکردنەوە لە هەڵبژاردنەکاندا دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست.

شەریف لە وتارێکدا باسی لە چەندین پرس کرد، لەوانەش پێویستییەکان بۆ چاکسازی ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا گۆڕانکاری دەکات لە سیاسەتەکانیدا یاخود نا.

وتی " کارەکە قورسە بەڵام مەحاڵ نیە."

هەروەها بانگهێشتی ئۆپۆزسیۆنی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاشتەوایی سیاسیی و گفتوگۆکردن لەسەر جیاوازییەکانییان لە ڕووی سیاسەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG