Accessibility links

سڕبیا دەڵێت دەیەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆسۆڤۆدا ئاسایی بکاتەوە بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک واژۆ ناکات


سەرۆکی سڕبیا ئالیکساندەر ڤوچیک
سەرۆکی سڕبیا ئالیکساندەر ڤوچیک

سەرۆکی سڕبیا ئالیکساندەر ڤوچیک دەڵێت سڕبیا پەیوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ کۆسۆڤۆدا دەوێت بەڵام هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک واژۆ ناکات، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی وتی سەر زارەکی ڕێککەوتووە لەسەر پلانێک کە ڕۆژئاوا پشتیوانی لێکردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆسۆڤۆدا.

سڕبیا دەیەوێت ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا، یەکێک لە مەرجەکانی بوون بە ئەندامیشی بریتییە لەوەی دەبێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆسۆڤۆی زۆرینە ئەلبانیدا ئاسایی بکاتەوە، کە لە ساڵی 2008 دا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و لە سڕبیا جیابۆوە، بەڵام هێشتا سڕبیا وەکو هەرێمێکی وڵاتەکەی سەیری دەکات و دانی بە سەربەخۆیی کۆسۆڤۆدا نەناوە.

ڤوچیک و سەرۆک وەزیری کۆسۆڤۆ ئالبین کورتی ڕۆژی شەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپادا ڕێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، بەڵام هیچ نوسراوێک واژۆ نەکراوە و یەکێتی ئەوروپا دەڵێت دەیەوێت زیاتر بکات.

ڤوچیک بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سڕبیا پەیوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ کۆسۆڤۆدا دەوێت، دەمانەوێت گەشت بکەین، دەمانەوێت کار بکەین، ناتوانیت لە پشت 100 مەتر دیوارەوە بە تەنها و پەراوێزخراو بژیت."

وتیشی " شەوی ڕابردوو نەمویست ڕێککەوتنی جێبەجێکردنەکە و ڕێککەوتنەکەی یەکێتی ئەوروپاش واژۆ بکەم. نامەوێت هیچ نوسراوێکی یاسایی نێودەوڵەتی لەگەڵ کۆسۆڤۆدا واژۆ بکەم چونکە سڕبیا دان نانێت بە سەربەخۆیی کۆسۆڤۆدا."

بەپێی ڕێککەوتنەکە کە هەر بە زارەکی پەسەند کراوە، کۆسۆڤۆ پابەند دەبێت بە پێدانی سەربەخۆییەکی زیاتر بەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتوانەکانیان سڕبین، هاوکات سڕبیا ڕێککەوتووە کە ڕێگری لە ئەندامێتی کۆسۆڤۆ نەکات لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا. یەکێتی ئەوروپا بەڵێنیداوە کۆنفرانسێکی بەخشین بۆ هەردوو وڵاتەکە ڕێکبخات، لە کاتێکدا کە خەرجکردنی هاوکاری دارایی پەیوەستە بە هەنگاوەکانەوە بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG