Accessibility links

سڕبیا هۆشداری دەدات و دەڵێت سڕبییەکانی کۆسۆڤۆ دەپارێزێت ئەگەر ناتۆ نەیانپارێزێت


سەرۆکی سڕبیا ئالیکساندەر ڤوچیک
سەرۆکی سڕبیا ئالیکساندەر ڤوچیک

سەرۆکی سڕبیا داوای لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کرد لە کۆسۆڤۆ " بە کاری خۆی هەستێت " ئەگەر نا ئەوا سڕبیا خۆی هەنگاو دەنێت بۆ پاراستنی سڕبییە کەمینەکان لە کۆسۆڤۆ.

وتارەکەی سەرۆکی سڕبیا ئالیکساندەر ڤوچیک دوای شکستهێنانی گفتوگۆ سیاسییەکانی نێوان ڕابەرانی سڕبیا و کۆسۆڤۆ هات کە لەم هەفتەیەدا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە سەرپەرشتی کرا.

سڕبیا لەگەڵ ڕووسیا و چینی هاوپەیمانیدا ڕەتیان کردۆتەوە دان بە سەربەخۆیی کۆسۆڤۆدا بنێن کە لە ساڵی 2008 دا سەربەخۆیی خۆی لە سڕبیا ڕاگەیاند. دەستوەردانی سەربازیی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ساڵی 1999 دا کۆتایی بە شەڕەکەی نێوان هێزەکانی سڕبیا و جیاخوازەکانی ناو کۆسۆڤۆدا هێنا و سەرکوتکارییە خوێناوییەکەی سڕبیای دژی زۆرینە ئەلبانییەکانی کۆسۆڤۆی ڕاگرت.

یەکێتی ئەوروپا چەند ساڵێکە سەرپەرشتی گفتوگۆ شکستخواردووەکانی نێوان سڕبیا و کۆسۆڤۆ دەکات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.

ڤوچیک گوتی " هیچ شوێنێکمان نیە بۆی بڕۆین، ئێمە نیگەرانین. خەڵکەکەمان لەدەست گۆشەگیری و ڕاوەدوونان ڕزگار دەکەین."

هەروەها گوتیشی " چەتە " ئەلبانییە کۆسۆڤۆییەکان دەبێت ڕێگەیان نەدرێت بچنە ناو باکووری کۆسۆڤۆوە، کە زۆربەی سڕبییەکان لەوێ دەژین. بەڵام هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕوو.

لە ڕۆژئاوا نیگەرانییەکی زۆر و بەرفراوان هەیە سەبارەت بەوەی ڕەنگە ڕووسیا هانی سڕبیای هاوپەیمانی بدات و دەستوەردانێکی سەربازیی لە باکووری کۆسۆڤۆدا ئەنجام بدات، ئەمەش دەبێتە هۆی ناسەقامگیرترکردنی ناوچەی باڵکان و لابردنی سەرنجەکانی هەندێک لە وڵاتانی جیهان و ناتۆ لەسەر جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

دوابەدوای جەنگەکەی ساڵەکانی نێوان 1989 بۆ 1999 دا نزیکەی 4000 سەربازی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ جێگیرکراون، هەر دەستوەردانێکی سەربازیش لەلایەن ڕووسیا یاخود سڕبیاوە لەو ناوچەیەدا ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و قوڵکردنەوەی ململانێکان لە ئەوروپادا.

دوابەدوای شکستهێنانی گفتوگۆکان کە یەکێتی ئەوروپا سەرپەرشتی کردوون، هێزە ئاشتی پارێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ ڕەوانەی شەقامە سەرەکییەکانی باکووری وڵاتەکە کراون، دەڵێن ئامادەن بۆ پاراستنی ئازادی هاتوچۆی هەردوولا.

مانگی ڕابردوو گرژییەکانی نێوان سڕبیا و کۆسۆڤۆ زیادییان کرد، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری کۆسۆڤۆ ئالبین کورتی ڕایگەیاند چیتر ناسنامەی سڕبی و مۆڵەتی شۆفێری سڕبی لەسەر خاکی کۆسۆڤۆ ناخوات. سڕبیا ماوەی 10 ساڵە ئەو ڕێوشوێنەی دژی ئەو هاوڵاتییانەی کۆسۆڤۆ گرتۆتەبەر کە هاتوچۆی سڕبیا دەکەن.

ڤوچیک بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک گوتی حکومەتی کۆسۆڤۆ دەیەوێت " بەتەواوەتی سڕبییەکان لە کۆسۆڤۆ بسڕێتەوە." بەرپرسانی کۆسۆڤۆش چەند جارێک ئەوەیان ڕەت کردۆتەوە.

XS
SM
MD
LG