Accessibility links

تەقە لە کاروانێـکی ئۆتۆمبیلی بەرپرسانی لیبیا دەکرێت


سەرۆک وەزیری لیبیا فائز ئەلسەراج
سەرۆک وەزیری لیبیا فائز ئەلسەراج

کاربەدەستان لە لیبیا دەڵێن کاروانێـکی ئۆتۆمبیل کە تیایدا سەرۆک وەزیر وچەند بەرپـرسێـکی دیکەی تیایدا بوو، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە تەقەی لێکراوە و هیچ زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

ئەشرەف تولتی گوتەبێژی حکومەتی لیبیا، ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پـشتیوانی لێدەکات گوتی سەرۆک وەزیر فائز ئەلسەراج لەگەڵ عەبدول ڕەحمان ئەلسوێحلی سەرۆکی پەرلەمان و نەجمی ئەلناکوع فەرماندەی پاسەوانانی سەرۆکایەتی، ئەمڕۆ بە کاروانێـکی ئۆتۆمبیل بە ناوچەی ئەبو سەلیمی تەرابلوسی پایتەخت تێپەڕدەبوون و تەقەیان لێکرا. هەروەها گوتی هێشتا ڕوون نیـیە کێ لە پشـت تەقەکانەوە بووە یاخود هێرشێـکی بە پلان بووە یان نا.

پاشان ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن 2 پاسەوان برینداربوون، بەڵام گوتی ژمارەیەک گولـلە بەر چەند ئۆتۆمبیلێـکی نێو کاروانەکە کەوتووە.

جێی ئاماژەیە لەوەتای لە ساڵی 2011 وە موعەمەر قەزافی دیکتاتۆری لیبیا لەسەر دەسەڵات لادراوە، باری ئاسایشی لە شاری تەرابلوس جێگیرنەبووە و چەندان گروپی چەکدار کۆنترۆڵی شارەکەیان کردووە، بەشێـکیان لەگەڵ حکومەتەکەی فائز سراجدان و بەشێـکی دیکەیان لە دژین. هەروەها زۆر جار شەڕ و پـێـکدادان لە نێوان ئەو گروپانە ڕوودەدەن.

XS
SM
MD
LG