Accessibility links

شارەزایەک: دوای 11 ی سێبتەمبەر، ئیسلامی جیهادی ئارامتر لە دونیا و دەوروبەری دەڕوانێت


چاودێرێکی بواری کاروباری هێزە ئیسلامیەکان ڕایدەگەیەنێت، ڕووداوەکانی 11 سێبتێمبەر و هێرشی قاعیدە بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تەنها مشت و مڕی لەنێوان ئەمەریکا و هێزە ئیسلامیەکان دروست نەکردووە، بەڵکو کێشمەکێشی گەورەی لەنێو خودی هێزە ئیسلامیەکانیشدا هێناوەتە ئاراوە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر 11 سێبتێمبەردا، تێڕوانینی هەندێک لە هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکان بۆ دونیا گۆڕاوە و ئیسلامی سیاسی میانڕەویش لە پاشەکشەی گەورەدایە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، بێستون ژاڵەیی دەڵێت" ڕووداوەکانی 11 سێبتێمبەر نەخشەی سیاسی تازەیان هێنایە گۆڕێ، جگە لە دروستبوونی گۆڕانکاری لە سیاسەت و مامەڵەی ئەمەریکا لەناوچەکە، جەدەلێکی قوڵیش لەنێوان ئیسلامی سیاسی جیهادی و میانڕەو دروستبوو، ئەمەریکا گەیشتە ئەو باوەڕەیناکرێت وەکو پێش 11 سێبتێمبەر، مامەڵە لەگەڵ هەندێک هێزی ئیسلامیدا بکات، تاڵیبان 20 ساڵە لەجەنگدایە لەگەڵ ئەمەریکا، بەڵام دواجار ئەمەریکا، تاڵیبانی بەهەندێک جیاوازی و فۆرمی تازەوە قەبوڵکرد."

ڕوونیشیکردەوە، دوای 11 ی سێبتێمبەر، ئیسلامی میانرەو لە پاشەکشەی گەورەدایە، هەرچەندە ئەم جۆرە لە ئیسلامی لە بەرئەنجامی ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی چوونە پێشەوە، بەڵام دواتر پێشەوە چوونیان وەستا و جارێکی تر، پاشەکشەیان کرد، وتی" پارتی داد و گەشەپێدانی مەغریب، هێزێکی میانڕەوی ئیسلامیە و 8 ساڵە لەدەسەڵاتە، بەڵام ژمارەی کورسیەکانی لە 125 کورسیەوە بۆ 13 کورسی دابەزی، هێزەکە توشی شکستێکی گەورەبوو."

وتیشی"سەرکردەیەکی پارتی داد و گەشەپێدان لێدوانێکی جوانی هەیە، کاتێک وتی، ئێمە حیزبێکی گەورە و سەرکردایەتیەکی بچوکمان هەبوو."

بێستون ژاڵەیی پێشیوایە، ناوەندەکانی بڕیاری ڕۆژاوا و دونیا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی سەردەمی شەڕ لەگەڵ ئەو هێزانەی بەرئەنجامی ڕووداوەکانی 11 سێبتێمبەرن، بێ ئەنجامن، دەبێت بواریان پێبدرێت و لە گۆڕەپانی واقیعی و هەڵبژاردن بدۆڕێن، جەختیکردەوە"ئیسلامی توندەڕەو، دوای 11ی سێبتێمبەر، ئارامتر لە دونیا و دەوروبەروبەری دەڕوانێت، ڕاستە هەندێک دەرکەوتەی وەکو داعش و هێزە ئیسلامیەکانی ئەفریقا پەشۆکانیان بۆ سستمی نێودەوڵەتی دروستکردووە، بەڵام 20 ساڵی دوای 11ی سێبتێمبەر یارمەتیدەربوو، تا ئەو هێزانە نمایشی خۆیان بکەن و بگۆڕێن."

چاودێرەکەی بواری کاروباری هێزە ئیسلامیەکان، ئەزموونی ئەڤغانستان بە ئەزمونێکی جیاواز دەبینێت و بەئەستەمی دەزانێت لە شوێن و ناوچەی تر کۆپی بکرێت، وتی"پێکهاتەی خێڵەکی و ئیتنی و نەتەوەیی ئەڤغان لەهەموو وڵاتانی دونیا جیاوازە، بەڵام دوای 11 ی سێبتێمبەر، ئیسلامیەکان لەو ناوچانەی هەن، کەوتوونەتە بەردەم تەحەدای گەورەوە، لەبەردەم دۆخێکی زۆر جیاوازدان لەدۆخی جەنگ، چونکە دونیای دەسەڵات و ئیدارەدان جیاوازە، ئەوان ئێستا گرفت و جەدەلی سەرکردایەتیکردن، ئیدارەدان ، دونیابینی و فەلسەفەی حوکمڕانیان هەیە، بۆیە دەکرێت بڵێین، ئیسلامیەکان لەتەحەدا گەورەکانی دوای 11 ی سێبتێمبەر سەرکەوتوو نەبوون."

بێستون ژاڵەیی، پێیوایە هێزە جیهادیە توندڕەوەکان لە قۆناغی بەخۆداچوونەوەدان، تا خۆیان لەگەڵ سستمی تازەی دونیا بگونجێنن، خۆیان لەگەڵ سستم و تەکنیکی تازەی ئەمەریکا بگونجێنن و لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی ناوخۆی وڵاتەکانیشیان ڕێکبکەون، وتی"نمونەی بزووتنەوەی تاڵیبانمان نیە، تا لەماوەیەکی نزیکدا دەسەڵات بگرنە دەست، ئەزموونی تاڵیبان بۆ هێزە جیهادیەکان مایەی بەخۆدا چوونەوەی قوڵ و وردە."

دوای ڕووداوەکانی 11 سێبتێمبەر و هێرشی رێکخراوی قاعیدە بۆ سەر ئەمەریکا، لە ئێستادا پێگەی ڕێکخراوی قاعیدە بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە، لەو بارەیەوە بێستون ژاڵەیی چاودێر لەبواری کاروباری هێزە ئیسلامیەکان دەڵێت"ئەوەی بەڕەی لەژێر پێی قاعیدە دەرهێنا، ئەمەریکا و ڕۆژاوا نەبوو، بەڵکو داعش بوو، توانی لەماوەیەکی کەمی دەرکەوتنیدا، پرسیاری جدی بخاتە سەر مێژووی قاعیدە، عەقیدە و ڕێکخستن و تەکنیکی جەنگی قاعیدە."

جەختیشیکردەوە"ڕێکخراوی قاعیدە لە پاشەکشەیەکی گەورەدایە، زۆرینەی ئەندام و لایەنگرانی چوونەتە پاڵ داعش، بۆیە قۆناغی ئێستا قۆناغی داعشە، نەک قاعیدە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:37 0:00


XS
SM
MD
LG