Accessibility links

جیاخوازەکانی ئۆکرانیا دەڵێن پێیان وانیە جەنگێکی بەرفراوان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا نزیک بێت


سەربازێکی ئۆکرانیا لە بەرەکانی پێشەوە، هەرێمی دۆنێتسک، ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، 9 ی مانگی دووی ساڵی 2022
سەربازێکی ئۆکرانیا لە بەرەکانی پێشەوە، هەرێمی دۆنێتسک، ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، 9 ی مانگی دووی ساڵی 2022

بەرپرسانی سیاسیی و سەربازیی هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە ڕووسیا پشتیوانییان لێدەکات دەڵێن مەترسی جەنگێکی بەرفراوان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا نابینن لەکاتێکدا هەوڵە دیبلۆماتیەکان دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی هێشتا بەردەوامن.

لە ساڵی 2014 دا بە ماوەیەکی کەم دوای ئەوەی ڕووسیا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای گرتەخۆی، شەڕی نێوان هێزەکانی جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا دەستیپێکرد. جیاخوازەکان لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

ململانێکانی نێوان جیاخوازەکان و حکومەتی ئۆکرانیا بەشێکی دیکەیە لە قەیرانە بەرفراوانەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، هاوکات ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە.

ئاندرێ پیورگین کە سیاسییەکی ناوخۆییە و پێشتریش یەکێک بووە لە سەرکردەکانی جیاخوازەکان، بە ڕۆیتەرزی وت لە ئێستادا پێشبینی ڕوودانی گۆڕانکاری گەورە ناکات لە شەڕی نێوان هێزەکانی جیاخوازەکان و حکومەتی ئۆکرانیادا کە لە ئێستادا شەڕەکە لە ئاستێکی نزمدایە، چاودێرانی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەدەن بەهۆی تەقینەوەکان و پێشێلکارییەکانی دیکەی ئاگربەستەوە لە ڕۆژێکدا سەدان ڕووداو ڕوودەدەن.

پیورگین وتی پێشبینی دەکات شەش مانگی داهاتوو " زۆر سەخت بێت ". ئاماژەی بەوەدا پێی وایە ململانێکانی نێوان جیاخوازەکان حکومەتی ئۆکرانیا بەشێوەیەک لە شێوەکان بگۆڕدرێت.

حکومەتی ئۆکرانیا دەڵێت لە ساڵی 2014 ەوە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان دوو لایەنەکە لە هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بوونەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 15,000 کەس.

پیورگین وتی " ئەمە یان ئاشتی لێدەکەوێتەوە، یان ئەگەرێکی زۆری زیادبوونی گرژییەکان بەشێوەیەکی مەترسیدار."

دوو سەرچاوەی جیاخوازەکانی ئۆکرانیا بە ڕۆیتەرزیان وت هەتاوەکو وەرزی بەهار پێشبینی هیچ زیادبوونێکی بەرچاوی گرژیی سەربازیی ناکەن لە ناوچەکەدا. یەکێک لە سەرچاوەکان کە نزیکە لە سەرکردایەتی جیاخوازەکانەوە وتی " هێشتا کاتی ڕێگای دیبلۆماتی ماوە."

ڕۆژی دووشەممە ڕابەرێکی دیکەی جیاخوازەکان وتی دەکرێت لە هەر کاتێکدا بێت جەنگێکی بەرفراوان ڕووبدات و هێزەکانیان لەوانەیە ڕووبکەنە مۆسکۆ بۆ یارمەتیدانیان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG