Accessibility links

ڕابەری جیاخوازەکان: 140,000 کەس ماریوپۆڵیان جێهێشتووە و بەرەو ڕووسیا یاخود دۆنێتسک ڕۆیشتوون


دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسیا وتی ڕابەرێکی جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەڵێت 140,000 کەس شاری ماریوپۆڵی ئۆکرانیایان جێهێشتووە و بەرەو ڕووسیا یاخود هەرێمی دۆنێتسک ڕۆیشتوون. جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک، لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

شاری گەمارۆدراوی ماریوپۆڵ کە پێش داگیرکارییەکەی ڕووسیا 400,000 دانیشتووی هەبوو، ئامانجی سەرەکی ڕووسیایە لە هەوڵەکانیدا بۆ دروستکردنی پردێک لەنێوان نیمچە دورگەی کرایمییە و هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا. لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا نیمچە دورگەی کرایمییەی ئۆکرانیای گرتەخۆی.

پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا، ڕووسیا هەردوو هەرێمی دۆنێتسک و لوهانسکی ژێردەسەڵاتی جیاخوازەکانی وەکو دوو کۆماری سەربەخۆ ناساند.

دێنیس پوشیلینی ڕابەری هەرێمی دۆنێتسک کە خۆیان بە کۆماری دۆنێتسک ناودێر دەکەن وتی " نزیکەی 140,000 کەس ماریوپۆڵیان جێهێشتووە، سەرجەمیان بەرەو کۆماری دۆنێستک و ڕووسیا ڕۆیشتوون." ئەمەش بەپێی دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسی.

نەتوانراوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لێدوانەکەی پوشیلین پشتڕاست بکرێتەوە. پێشتر ئۆکرانیا ڕووسیای تۆمەتبار کردووە بەوەی دانیشتوانی ماریوپۆڵی ناچار کردووە بەبێ ویستی خۆیان بەرەو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی جیاخوازەکان بڕۆن.

مۆسکۆ دەڵێت یەکێک لە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی " ئازادکردنی " ئەو ناوچانەی وەکو ماریوپۆڵە کە زۆرینەی دانیشتوانەکانیان بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG