سێ بەرپرسی ئاسایشی فەڵەستینییەکان دەڵێن بەرپرسێکی ئاسایشی فەڵەستین لە کامپێکی پەنابەران لە باشووری لوبنان بە فیشەک کوژراوە، ئەمەش چەند کاتژمێرێک دوای ئاگربەستەکەی نێوان ئیسڕائیل و چەکدارە فەڵەستینییەکان لە غەزە.
سەرچاوەکان بە ڕۆیتەرزییان وت سەعید عەلائەدین لەلایەن کۆمەڵێک چەکداری نەناسراوە بە فیشەک لەسەری دراوە و دواتر بەهۆی برینەکانیەوە مردووە.
عەلائەدین سەرکردایەتی هەماهەنگییە ئەمنییەکانی کردووە لەنێو فراکسیۆنە جۆراوجۆرەکانی کامپی عەین ئەل حیلویەدا کە یەکێکە لە کامپەکانی پەنابەرانی فەڵەستینی لە لوبنان و لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەری دەزگاکانی ئاسایشی لوبناندایە.
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا کامپەکە کۆمەڵێک شەڕ و پێکدادانی بەخۆیەوە بینیوە لە نێوان پارتی فەتحی سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباس و هاوپەیمانێتی فراکسیۆنەکان دژی فراکسیۆنە ئیسلامییە سوونەکان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز