Accessibility links

دەمەتەقە لە سەر خۆپێشاندانەکان لە ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایش


باڵیۆزی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی تەنگەتاوی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە دۆخی ئێران دەدوێت، هەینی ٥ی مانگی ١ی ٢٠١٨ی زاینی

باڵیۆزی ئەمەریکا: حکومەتی ئێران شەش میلیارد دوڵاری کۆمەک بە ئەسەد و حکومەتەکەی کردووە.

ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی تەنگەتاوی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە سەرکوتی خۆپێشاندەران هوشداری بە کۆماری ئیسلامی ئێران دا.

کۆبوونەوەی تەنگەتاوی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ هەڵسەنگاندنی خۆپێشاندانەکانی بەربڵاو لە ئێران دا بە داخوازی ئەمەریکا و سەرەرای بەرهەلستکردنی رووسیا لە سەرەتادا، ئێوارەی هەینی بەڕێوەچوو.

لە ئەو کۆبوونەوەیەدا نیکی هەیلی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، وێڕای ڕەخنەگرتن لە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، گوتی: ئەمەریکا بە پێچەوانەی نارزاییەکانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی ئەو جار پشتیوانی لە خەڵکی ئێران دەکات.

ئەو گوتی: مافەکانی مرۆڤ، دیارییەک لە لایەن حکومەتەکانەوە نین.

خانمی هەیلی لە گەڵ ڕەخنەگرتن لە کردەوەکانی ئێران بۆ پشتیوانی کردن لە تاقمەکانی تێرۆرستی گوتی: حکومەتی ئێران شەش میلیارد دوڵاری کۆمەک بە ئەسەد و حکومەتەکەی کردووە.

باڵیۆزی ئەمەریکا هەروەها گوتی: حکومەتی ئێران لە بەرامبەر خەڵکی خۆیدا کەمتەرخەمێ ەکات. ئێمە ئاگادارین ئێران لە دروستکردنی خانووبەرە بۆ خەڵکی خۆی کەمترخەمی کردووە و هەروەها ئاگادارین لە بوومەلەرزەکەی ئەم دواییانەدا چی روویدا.

خانمی هەیلی وێرای دووپاتکردنەوەی پشتیوانی لە خۆپێشاندەرانی ئێرانی گوتی: خەڵکی ئێران شایانی ئەوەن خاوەنی رۆژانێکی خۆش بن و ئەوان بە حکومەتی خۆیان دەڵێن پشتیوانی لە بکوژان و دیکتاتۆرەکان مەکەن.

ئەو لە کۆتایی دا گوتی: ئەگەر باوەڕمان بە درووشمەکانی سەرەتایی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە، دەبێت ئێستا پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بکەین.

سێ ڕۆژ پێش، ئەو خانمە وادەی دابوو کە پەروەندەی سەرکوتی خەڵک لە ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ئەنجومەنی ئاسایش و مافەکانی مرۆڤ دا بخاتە بەر تا و تۆ کردن.

ئەو کۆبوونەوەیە لە دەمێکدا پێکهات کە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی بەرامبەر بە ئێران هەڵوێستی وەک یەکیان نیە. لە دەمێکدا کە نیکی هەیلی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان خوازیاری پێک هێنانی کۆبوونەوەی تەنگەتاوی بوو، رووسیا ئەو بابەتەی بە دەستێوەردان لە کار و باری نێوخۆیی ئێران زانی.

سێرگێی ڕیابکۆف، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رۆژی پێنج شەمە هوشداری بە ئەمەریکا دا کەدەست لە کار و باری نێوخۆی ئێران دا وەرنەدات.

بەڵام هاوپەیمانەکانی ئەمەریکاش لە ئەو کۆبوونەوەیەدا نیگەرانیان دەربڕی.

باڵیۆزی فەڕانسە لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئەو کۆبوونەوەیەدا گوتی: ئەوە تەنیا و تەنیا دەگەڕێتەوە سەر خەڵکی ئێران کە بیهانەوێت ڕێگایەکی ئاشتی خوازانە بۆ وتووێژ بگرنە بەر، گفت و گۆی لە سەر بناخەی ڕێزدانانی تەواو بۆ ئازادییەکانی بنچینەیی خەڵکی ئێران. بە ئەو پێیە، نیگەرانی لە ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی لە ئێران ناتوانێت بە واتای هەڕەشەکردن لە ئاشتی و ئاسایشی جیهانی بزانرێت."

هەروەها غولامعەلی خۆشڕوو، باڵیۆزی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو خۆپێشاندانانەی لە ئێڕان ڕوویدەدن وەک بابەتێکی ئاسایی زانی هەر وەک ئەوەی لە هەموو جێگای جیهان دا ڕوودەدەن.

ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش داوایان لە ئێران کرد کە لە توند و تیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران خۆ بپارێزیت و دەستەبەری مافی ئازادی بەیان و پێک هێنانی جەماوەری بۆ خۆپێشاندانی بە ئاشتیانە بکات.

XS
SM
MD
LG