Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە هەڵمەتێـکی لە ناکاودا ناوچەیەکی فراوانی شاری ڕەققە ڕزگاردەکەن

  • VOA News

هێزەکانی سوریا دیموکرات، ئەوانەی ئەمەریکا پاڵپشـتیان دەکات، دەڵێن توانیویانە 80% ی شاری ڕەققە لە داعش ڕزگاربکەن، ئەمەش پاش هەڵمەتێـکی لە ناکاو و بە بەرنامە داڕێژراو بۆ سەر بەشی باکوری شارەکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە فەرماندەیەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیانـنامەیەکدا گوتی هێزەکانیان هەڵمەتەکەیان لە ناکاو بۆ سەر میحوەری کارگەی شەکرەکە دەسـتپـێکرد کە چەکدارانی داعش لەو بڕوایەدا نەبوون لەو بەرەیەوە هێرشیان بکرێتەسەر، بەو پـێیەی سەنگەری توندیان لێ دامەزراندبوو و ناوچەکەیان بۆمبڕێژکردبوو.

هەر لە بەیانـنامەکەدا هاتووە، چەکدارانی داعشیان لە سایلۆ شارەکە و شوێنی بارەگای فیرقەی 17 ی لەشکر دەرکردووە و توانیویانە گەڕەکەکانی تشرین و ڕمێلە و ڕەوزە و متحەنە ڕزگاربکەن و هەروەها سەدان خێزان ئازادبکەن کە داعش وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاری دەهێنان.

بەیانـنامەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی داعش لە میانەی هەڵمەتەکەدا کوژراون و بڕێـکی زۆر چەک و تەقەمەنی دەسـتیان بەسەرداگیراوە، وە لەگەڵ ئەو سەرکەوتنە گەورەیە زیانێـکی کەم بەر هێزەکانیان کەوتووە.

XS
SM
MD
LG