Accessibility links

بەرپـرسێکی هێزەکانی سوریا دیموکرات دەڵێت داعش هێرشێکی گەورەی دەسـتپـێکردووە


بەرپـرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت چەکدارانی داعش دەستیانکردووە بە هێرشێکی گەورە بۆ سەر هێزەکانیان لە ناوچەی هەجینی باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

مستەفا بالی ئەمڕۆ هەینی لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی داعش بە دەیان تێرۆرست و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو ئەمڕۆ هێرشەکەی لە دەوروبەری گوندی خاتر و شارۆچکەی هەجین ئەنجام دەدات و هێشتا شەڕی قورس بەردەوامە و فڕۆکە جەنگیـیەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆردومانی هێرشبەرانی داعش دەکەن.

دەشڵێت ئەم هێرشەی چەکدارانی داعش نیشانی دەدات بە بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ کشانەوە لە سوریا ورەیان بەرزبووەتەوە.

پاشان ئاگاهی دەدات، دەڵێت دەبێت هەموو لایەک ئەو ڕاستیە بزانن کە هێشتا داعش بەهێزە و لە داهاتووش لەسەر هێرشەکانی بەردەوام دەبێت.

لەوەتای مانگی حەوتەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات هەوڵ دەدەن ئەو ناوچەیەی باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە داعش ڕزگاربکەن، بەڵام داعش بەرگریـیەکی زۆر دەکات بەو پـێـیەی دوایـین ناوچەی سەرەکیـیە کە لە سوریا بەدەستیـیەوە ماوەتەوە.

XS
SM
MD
LG