Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش دەسـتپـێدەکەنەوە


هێزەکانی سوریای دیموکرات ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش دەستپـێدەکەنەوە و بەڵێن دەدەن ئەو ناوچانەی هێشتا لە ژێر دەستی داعش لە پارێزگای دێر زوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ماونەتەوە بە یەکجاری و بۆ هەمیشەیی ڕزگاربکەن.

لیلوا ئەلعەبدوڵڵا گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی جزیرە و ئەحمەد ئەبو خەولە فەرماندە لە ئەنجومەنی لەشکری دێر زور ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتیان لە پاش هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین ئۆپەراسیۆنەکەیان ڕاگرتبوو، بەڵام ئەمڕۆ و لە ڕێگەی ئەم بەیانـنامەیەوە دەسـتپـێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکەیان ڕادەگەیەنن بە مەبەستی ئازادکردنی ئەو ناوچانەی هێشتا لە ژێر دەستی داعش ماونەتەوە لە پارێزگای دێر زوری هاوسنووری عێراق.

گوتیشیان قۆناغی کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکان بە بەشداری هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدەن و ناوچەی سنووری نێوان سوریا و عێراق بە یەکجاری و بۆ هەمیشە لە داعش ڕزگاردەکەن. هەروەها پـێشوازیان لە پشتیوانی هێزەکانی عێراق لەسەر سنوور کرد.

ئاماژەیان بۆ زیادبوونی هێرشەکانی داعش کرد کە لەم هەفتانەی دوایی هەوڵی دابوو جارێکی دیکە خۆی ڕێکبخاتەوە. گوتیشیان هێشتا ژمارەیەکی زۆری داعش لە نزیک سنووری عێراق هەن و هەوڵ دەدەن لەوێ پەناگەیەکیان هەبێت بۆ داڕشتنی پلانی هێرشکردنە سەر هەموو جیهان و هەروەها فراوانکردنی ناوچەی ژێر دەستی خۆیان لە سوریا و عێراق.

لە کۆتایی بەیانـنامەکە گوتیان ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە ئامانجی بەدیهێنانی پـرۆژەیەکی درێژدەمە بۆ بنیادنانی سوریایەکی نوێی دیموکرات کە تیایدا هەموو پـێکهاتەکانی سوریا بە عەرەب و کورد و سریان و تورکمان بەشداری بکەن لە پـرۆسەی سیاسی بەپـێی بڕیاری ژمارە 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

XS
SM
MD
LG