Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرکردەیەکی بیانی داعش لە ڕەققە دەسـتگیردەکەن


هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرکردەیەکی بیانی داعشیان دەسـتگیرکردووە کە لە ساڵی 2015 وە لە ڕێگەی تورکیاوە هاتووەتە ناو سوریا.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا گوتی"پاش گەڕان و پـشکنین و لێکۆڵینەوە، یەکە تایبەتەکانی هەواڵگری لەشکری لە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە ڕۆژی شەممەی ڕێکەوتی 19 ی مانگی پـێنج توانیان کۆمەڵێک تێرۆرستی داعش دەستگیربکەن، لەوانە ئەدغیان گیال ناسراو بە ئەبو ئوسامە ئەلفەڕەنسی و هاوسەرەکەی."

بەپـێی بەیاننامەکە ئەدغیان لە ناوچەی ڕەققە خۆی شاردبووەوە بەو ئامانجەی هەلێکی بۆ بڕەخسێت خۆی و هاوسەرەکەی بەرەو تورکیا بڕۆن و لەوێوە بەرەو ئەوروپا بگەڕێنەوە.

ئەدغیان گیال تەمەن 30 ساڵ لە بەهاری ساڵی 2015 لە ڕێگەی دەروازەی گرێ سپی کە لەو سەردەمەدا لە ژێر دەستی داعش بوو، لە تورکیاوە هاتووەتە ناو سوریا.

ناوبراو لە چەند ڤیدیۆیەکی داعش بە زمانی فەڕەنسی هەڕەشەی لە خەڵکی وڵاتەکەی و ئەوروپایـیەکان کردووە. ساڵی 2016 بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشە تێرۆرستیـیەکەی شاری نیس ڕاگەیاند، ئەوەی تیایدا 84 کەس کوژران.

جێی ئاماژەیە هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر لە 40 فەڕەنسیـیان دەسـتگیرکردووە کە بەشێکیان ژن و منداڵی داعشەکانن.

کاربەدەستانی فەڕەنسا دەڵێن هێشتا نزیکەی 500 فەڕەنسی دیکەی کە لە عێراق و سوریا پەیوەندیـیان بە داعش و گروپە توندڕەوەکانی دیکە کردووە بێ سەروشوێنن یان دەسـتگیرکراون.

XS
SM
MD
LG