Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات سەدان سەربازی خۆیان لە شەڕی داعش بەرەو عەفرین دەکێشنەوە


هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەدان شەڕڤانی خۆیان لە شەڕی دژی داعش لە ناوچەی دێر زور دەکێشنەوە و بەرەو ناوچەکانی عەفرینیان دەبن تاوەکو بەرەو ڕووی لەشکرکێشیـیەکەی تورکیا بوەستنەوە.

ئەبو عومەر ئەلئیدلیبی گوتەبێژی هێزی "جەیش ئەلثواری" سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ناوچەی دوار ئەلنەعیمی ڕەققە بەیاننامەیەکی خوێندەوە بە ناوی جەیش ئەلثوار و بەرەی کوردەکان و لیوای باکوری دیموکرات و ئەنجومەنی لەشکری ئیدلیب، تیایداگوتی بڕیارێکی قورسیان داوە، ئەویش کشانەوەی 1700 شەڕڤانی خۆیان لە بەرەکانی دێر زورەوە بەرەو عەفرین، ئەمەش تاوەکو لەوێ شانبەشانی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بەرگری لە عەفرین بکەن.

مەخابنی خۆی دەربڕی کە هاوپەیمانان لە بەرامبەر ئەم لەشکرکێشیـیەی تورکیا بەرگریـیان لێناکەن، گوتی " شەڕی داعشمان کرد و یارمەتی هاوپەیمانانمان لە ڕەققە دا، بەڵام ئەوەتا هاوپەیمانان بەرگری لە هاوبەشەکانیان ناکەن."

گوتیشی چاوەڕێی بڕیار لە کەس ناکەن و پاراستنی کەسوکاریان لە عەفرین لە پـێش هەموو شتێکەوەیە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە ماوەی ئەم هەفتەیە ئەو شەڕڤانانە کە بەشی زۆریان لە نەتەوەی عەرەبن دەگەنە عەفرین.

هاوکات شەڤگەر حەممۆ فەرماندە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت کشانەوەی ئەو هێزانە کاریگەری بەسەر شەڕی داعش نابێت و شەڕ لە بەرەی دێر زور هەر بەردەوام دەبێت.

XS
SM
MD
LG