Accessibility links

شۆڵز: سزاکان لانابرێن تاوەکو ڕووسیا ڕێکەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیادا واژۆ دەکات


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز وتی ئەو سزایانەی کە سەپێندراون بەسەر ڕووسیادا لانابرێن تاوەکو مۆسکۆ ڕێکەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیادا واژۆ دەکات، وتیشی دەبێت ئۆکرانیا مەرجەکانی ئاشتی دابنێت.

شۆڵز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی گشتی زێد دی ئێفدا وتی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لێکدانەوەکانی هەڵە بووە ئەگەر پێی وابووبێت دەتوانێت خاکی زیاتر لە ئۆکرانیا بگرێت، کۆتایی بە دوژمنکارییەکان بهێنە و دواتر ببینە کە سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەر وڵاتەکەت لادەبرێن.

شۆڵز وتی " بە چڕی بیری لە هەموو ئۆپەراسیۆنەکەی ئۆکرانیا نەکردۆتەوە. پێی وانەبووە ئۆکرانیا بەوشێوەیە بەرهەڵستی دەکات. پێی وانەبووە ئێمە پشتیوانییان لێدەکەین تاوەکو ئەو کاتەی خۆیان دەگرن. سزاکان ناکشێنینەوە تاوەکو لەگەڵ ئۆکرانیادا نەگاتە ڕێکەوتنێک، سزاکانیش لانابرێن ئەگەر ئاشتییەکی دیکتاتۆرییانەی بوێت."


شۆڵز ئەوەشی خستەڕوو ئەڵمانیا لەخۆگرتنی نیمچە دورگەی کرایمییە لەلایەن ڕووسیاوە قبوڵ ناکات، وتی " ئەوە پێشێلکردنی یاسا بوو، هێشتا ئەوە ڕاستییەکەیە."

شۆڵز ئاماژەشی بەوەدا پلانی نیە سەردانی کیێڤ بکات، ئەوەش دوای ئەوەی سەردانەکەی سەرۆکی ئەڵمانیا بۆ کیێڤ هەڵوەشێندرایەوە.

شۆڵز ئەو ڕەخنانەی ڕەت کردەوە کە گوایە سەرەتا دوودڵ بووبێت لە ڕەوانەکردنی چەکی قورس بۆ ئۆکرانیا. هەفتەی ڕابردوو ئەڵمانیا ڕەوانەکردنی تانکی دژە فڕۆکەی گیپاردی بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

شۆڵز وتی " هیچ سوودێکی نیە شتێک بکەیت تەنها لەبەر ئەوەی کەسێک هاوار دەکات و هیچیش ناکات، یاخود شتێک بکەیت لەبەر ئەوەی کەسێکی دیکە هاوار دەکات." وتیشی پاراستنی وڵاتەکەی و پاراستنی ئاشتی ئەرکییەتی وەکو ڕاوێژکار.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG