Accessibility links

شۆڵز: تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بکات کۆمەڵەی حەوت پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکات


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز دەڵێت وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی داهاتوودا ڕوونی دەکەنەوە کە " تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت " پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکەین.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای هەواڵی دپای ئەڵمانیدا، شۆڵز وتی دەیەوێت لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ ڕابەرانی دیکەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتدا باس لە پرسی پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا بکەن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن. وابڕیارە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوت لە گوندی ئیلماوی ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت.

دەزگاکە لە زاری شۆڵزەوە بڵاویکردەوە " بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بکات. دەمانەوێت دڵنیا ببینەوە لەوەی حساباتەکانی سەرۆکی ڕووسیا هەڵەن."

گوتی " بە ئاشکرا دیارە پوتن هیوا دەخوازێت کاتێک خاکی پێویستی داگیرکرد شتەکان ئاسایی ببنەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ڕووسیادا بگەڕێتەوە سەر کار."

شۆڵز گوتی لەمیانەی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەیاندا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمێر زێلێنسکی و هاوتاکانی لە فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ڕۆمانیا، تاوتوێی پێدانی چەکی زیاترییان کردووە بە ئۆکرانیا، بەتایبەتی تەقەمەنی و تۆپهاوێژ.

چوار ڕابەرەکەی ئەوروپا پشتیوانییان لە داواکەی ئۆکرانیا کرد بۆ چوونە پاڵ یەکێتی ئەوروپا، شۆڵز وتی هیوادارە لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی داهاتووی یەکێتییەکەدا سەرجەم وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی لە ئەندامێتی ئۆکرانیا بکەن.


XS
SM
MD
LG