Accessibility links

شازادەیەکی سعودیـیە لە پاش پـێدانی یەک ملیار دۆلار بە دەوڵەت ئازاددەکرێت

  • VOA News

شازادە متعب بن عەبدوڵڵا وەزیری پـێشووی پاسەوانی نیشتمانی عەرەبستانی سعودیـیە

چەند میدیایەکی جیهانی دەڵێن دەسەڵاتدارانی عەرەبستانی سعودیـیە شازادە متعب بن عەبدوڵڵا وەزیری پـێشووی پاسەوانی نیشتمانییان ئازادکردووە، ئەمەش پاش ئەوەی یەک ملیار دۆلاری وەک سەودایەک لەگەڵیدا داوەتە دەوڵەت.

هەردوو ئاژانسی بلومبێرگ و فڕانس پـرێس دەڵێن سەرچاوەی حکومی لە عەرەبستانی سعودیـیە هەواڵی ئازادکردنەکەی پشـتڕاستکردووەتەوە. هەروەها کەسانی نزیک لە بنەماڵەی پاشایەتی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکانەوە بەم بۆنەیەوە پـیرۆزبایـیان ناردووە، بەڵام کاربەدەستان لە وەزارەتی ڕاگەیاندنی سعودیـیە هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچیان لەم بارەیەوە ڕانەگەیاندووە.

جێی ئاماژەیە شازادە متعب لەگەڵ زیاتر لە 200 شازادە و کەسایەتی سیاسی و کارداری گەورەی سعودی لە 4 ی ئەم مانگی یازدەوە دەسـتگیرکراون بە تۆمەتی گەندەڵی، لە نێویاندا ملیاردێر شازادە وەلید بن تەڵاڵ.

شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان کە سەرپەرشتی هەڵمەتی نەهێشتنی گەندەڵیـیەکە دەکات، پـێشتر لە چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز گوتی 95 % ئەوانەی دەسـتگیرکراون و گەندەڵیـیەکانیان بەسەردا ساغ بووەتەوە ئامادەن سەودایان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام 4%یان پـێیان باشە دادگا کەیسەکانیان یەکلابکاتەوە. گوتیشی 1%یان سەلماندوویانە گەندەڵیـیان نەکردبوو. باسی لەوەش کرد لە ڕێگەی ئەو سەودایانەی لەگەڵ گەندەڵکارەکان دەکرێن، شیانی هەیە نزیکەی 100 ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێنەوە.

XS
SM
MD
LG