Accessibility links

عەرەبستانی سعودیە کاربەدەستانی نوێ دیاردەکات

  • VOA News

شا سەلمان پادشای عەرەسبستانی سعودیە ئەمڕۆ دووشەممە ژمارەیەک گەورە کاربەدەستی بۆ شانشینەکەی دیارکرد و هەر ئەمڕۆش سوێندی یاساییان لەبەردەم پادشادا خوارد.

دەستنیشانکردنی ئەو کاربەدەستە نوێیانە بۆ جێگرتنەوەی شوێنەکانی شازدەی بەهێز و دەسەڵاتداری وڵاتەکە و وەزیرێکی پێشووی شانشینەکە بووە کە بڕوا وایە لە هەڵمەتێکی گەورەی دژە گەندەڵی وڵاتەکەدا دەستگیرکرابن.

وەها لەم هەڵمەتەی پادشای سعودیە دەڕوانرێت کە شکاندنی نەریتی خێزانی پادشایەتی و فەرمانڕەوای عەرەبستانی سعودیەیە.

ئاژانسی فەرمی دەنگ و باسی شانشینی عەرەبستانی سعودیە وێنەی شا سەلمانی بڵاوکردۆتەوە لە کاتی سوێندخواردنی یاسایی شازادە خالید بن عەیاف ئەلموقرن وەک وەزیری پاسەوانانی نیشتمانی و هەروەهاش موحەمەد ئەلتوەیجیری وەک وەزیری ئابوری و پلاندانان.

شازادە میتعەب بن عەبدوڵا لە چوار ساڵی ڕابردوودا وەزیری پاسەوانانی نیشتمانی بووە و هەروەها عادل فەکیە کە لە مانگی چوارەوە وەزیری ئابوری بووە، وەک دەگوترێت لەو هەڵمەتەی بۆ دژە گەندەڵی کراوە دەستگیرکراون، ئەم هەڵمەتە لەلایەن شازادەی تاج موحەمەد بن سەلمانەوە بەڕێوەدەبرێت.

دەستگیرکردنەکانلە درەنگانێکی ڕۆژی شەممەوە دەستیان پێکردووە و تا ئێستا یازدە شازادە و 38 گەورە کاربەدەستی شانشینەکە دەستگیرکراون. هەواڵەکان دەڵێن هەر هەموو دەستگیرکراوەکان لە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیی لە ڕیازی پایتەخت دانراون.

شازادە ئەلوەلید بن تەڵال یەکێکە لە گیراوەکان.

دەگوترێت ئەم هەڵمەتەی عەرەبستانی سعودیە هێندەی بۆ چنگ قایم کردنی بنەماڵەی پادشایەتییە لە دەسەڵاتدا، هێندە بۆ دژایەتی کردنی گەندەڵی نییە.

XS
SM
MD
LG