Accessibility links

پاشای سعودیـیە گۆڕانکاری لە سیستەمی حوکمڕانی وڵاتەکەی دەکات


پاشای عەرەبستانی سعودیـیە برازاکەی لە پـۆستەکانی شازادەی جێنشین و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری ناوخۆ لادا و دوو لەو پـۆستانەی ڕادەستی کوڕەکەی خۆی کرد.

سەلمان بن عەبدول عەزیز ئەمڕۆ چوارشەممە فەرمانێـکی شایانەی دەرکرد کە تیایدا نووسراوە بڕگەی ب لە ماددەی پـێنجی سیستەمی حوکمڕانی هەمواردەکرێت و ئیدی حوکمڕانی هەر لە دەستی نەوەکانی عەبدولعەزیز ئال سعود پاشای دامەزرێنەر دەبێت و لە نەوە بۆ نەوەی دەڕوات.

بەم بڕیارە، محەمەد بن نایف بن عەبدولعەزیز لە پـۆستی شازادەی جێنشین لادەچێت و شازادە محەمەد بن سەلمانی کوڕی پاشا پـۆستەکە دەگرێتە دەست. دەستەی بەیعەت بە دەنگی 31 ئەندامی لە کۆی 34ئەندام محەمەد سەلمانی بۆ پـۆستەکە پەسەندکرد.

شازادە محەمەد بن نایف بەیعەتی خۆی بۆ شازادەی جێنشینی نوێ ڕاگەیاند و بۆ پـیرۆزبایی سەردانی کرد و محەمەد سەلمان زۆر بە ڕێزەوە پـێشوازی لێکرد.

هەروەها شای سعودیـیە بڕیاری دا پـۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش ڕادەستی کوڕەکەی بکات و لەگەڵیدا لە پـۆستی وەزیری بەرگری بمێنێتەوە. بەڵام پـۆستی وەزیری ناوخۆی ڕادەستی شازادە عەبدولعەزیز بن سعود بن نایف کرد.

پاش ئەم بڕیارە قازانجەکان لە بازاڕی بۆرسەی سعودیـیە زۆر زیادیانکرد. شارەزایانی ئابوری دەڵێن لەوەتای مانگی هەشتی ساڵی 2015 وە ئەو بازاڕە زیادبوونی بەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەدیووە.

XS
SM
MD
LG