Accessibility links

پـۆلیسی سعودیـیە 3 کەسی سەر بە داعش دەسـتگیردەکات


وەزارەتی ناوخۆی سعودیـیە دەڵێت پـۆلیسێـکی گیانی لەدەسـتداوە لە میانەی هەڵمەتێـکی هێزەکانی ئاسایش بۆ دەسـتگیرکردنی چەند کەسێـکی سەر بە داعش لە شاری تائیفی ڕۆژئاوای وڵاتەکەیان.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی سعودیـیە ڕۆژی هەینی هەواڵەکەی ڕاگەیاند و گوتی وەزارەتی ناوخۆ بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە دەرکردووە و تیایدا نووسیویەتی هێزەکانی پـۆلیس چوونەتە سەر ماڵێـک بە مەبەسـتی دەسـتگیرکردنی ژمارەیەک گومانباری سەر بە داعش و لە ئاکامدا شەڕە تەقە لە نێوانیان ڕوویداوە و بەهۆیەوە پـۆلیسێـک کوژراوە و یەکێـکی دیکە برینداربووە.

پاشان لە بەیانـنامەکەدا هاتووە لەو هەڵمەتە 3 گومانبار دەسـتگیرکراون و لە ماڵەکەشدا دەسـتگیراوە بەسەر ژمارەیەک ئاڵایەکی داعش و چەکی بێ دەنگ و چەند کۆمپـیوتەرێـک.

جێی وەبیرهێنانەوەیە مانگی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی سعودیـیە لیستێـکیان بە ناوی 16 کەس بڵاوکردەوە کە دەڵێن دەسـتیان لەو دوو تەقینەوەیە هەبووە کە داعش بەرپرسیارێتی خۆی لێ ڕاگەیاندن و دوو مزگەوتی لە وڵاتەکەدا کردبووە ئامانج و چەندان کەس بەهۆیانەوە گیانیان لەدەسـتدا. حکومەتی سعودیـیە بڕیاری دا 5 ملیۆن ڕیالی کە دەکاتە نزیکەی 1.3 ملیۆن دۆلار وەکو خەڵات بداتە هەر کەسێـک زانیاری لەسەر ئەو کەسانە بدات و دەسـتگیربکرێن.

XS
SM
MD
LG