Accessibility links

عەرەبستانی سعودیە گەمارۆکان هەڵدەگرێت و شیعەکانی یەمەنیش هەڕەشە دەکەن


شانشینی عەرەبستانی سعودیە ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاندووە هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی سعودیە بۆ شەڕی دژی شیعەکانی یەمەن دەست دەکات بە کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و بەندەرەکان لە هەژارترین وڵاتی عەرەبیدا.

ڕیاز فڕۆکەخانەکان و بەندەرەکانی وڵاتی یەمەنی داخست پاش ئەو هێرشە موشەکییە باڵستیکییەی حوثیە شیعەکان کردیانە سەر شانشینی عەرەبستانی سعودیە.

ئەم ڕاگەیاندنەی دەستەی دیپلۆماسی عەرەبستانی سعودیە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دوابەدوای ئەو ڕەخنە و ناڕەزاییە زۆرانە بوون کە ڕووبەڕووی وڵاتەک کرایەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان و زیاتر لە 20 ڕێکخراوی تری مرۆیی جەختیان دەکردەوە لەوەی ئەو بڕیارەی عەرەبستانی سعودیە دەبێتە مایەی برسی کردن و مردنی بە ملیۆنان خەڵک لە یەمەن.

لە ڕاگەیاندنەکەی باڵیۆزخانەی عەرەبستانی سعودیەدا هاتووە "لە 24 کاتژمێری داهاتوودا تەواوی ئەو بەندەرانەی یەمەن دەکرێنەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی دانپێدانراوی یەمەندایە و هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی سعودیە پستیوانی دەکات."

سەبارەت بەو بەندەرانەش کە لەژێر دەسەڵاتی حوثییەکاندان، عەرەبستانی سعودیە داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە تا تیمی سارەزا بنێرێت بۆ ئەو بەندەرانە و تاووتوێ شێوازی ڕێگەگرتنەکان بکرێن لەوەی چەک بە قاچاغ بچێتە ناو یەمەنەوە.

وێرای ئەم ڕاگەیاندنەی شانشینی عەرەبستانی سعودیە بەڵام گەورە ڕێبەرێکی شیعەکانی یەمەن هەر ئەمڕۆ دووشەممە هەڕەشەی توڵە سەندنەوەی لە ڕیاز کردووە وەک دەڵێت بەهۆی ئەو گەمارۆ کارەساتبارەی سەپاندبوویە سەر یەمەنی بەشەڕ وێرانبوو.

بەهۆی شەڕی یەمەنەوە تا ئێستا زیاتر لە دە هەزار کەس کوژراون و سێ ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون و بەشێکی زۆری ژێرخانی وڵاتەکەش وێران بووە.

XS
SM
MD
LG