Accessibility links

سعودیـیە دەڵێت موشەکێکی بالیستیکی ئێرانی-حوثی لە ئاسمانی ڕیاز تێکشکاندووە


عەرەبستانی سعودیـیە دەڵێت توانیویەتی موشەکێکی بالیستیکی (ئێرانی- حوثی) لە ئاسمانی ڕیازی پایتەخت تێکبشکێنێت، ئەمەش پاش چەند ڕۆژێک لەوەی ئەمەریکا بە بەڵگەوە ئێرانی تۆمەتبارکرد بە دروستکردنی ئەو موشەکەی حوثیەکان لە مانگی دەدا گرتبوویانە ڕیاز.

ئەمڕۆ سێشەممە لە دەوروبەری کاژمێر 10:50 ی بەیانی دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ئاسمانی ڕیاز بیسترا و بە دوایـیدا لە لایەن هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی عەرەبستانی سعودیـیە ڕایگەیاندرا موشەکێکی بالیستیکی کە لە لایەن حوثیەکانەوە هەڵدرابوو لە باشوری ڕیاز تێکشکێنرا و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە.

کاربەدەستان دەڵێن موشەکەکە لە شوێنێکەوە هەڵدرابوو کە 50 کیلۆمەتر لە سەنعای پایتەختی یەمەنەوە دورە و لە ئاسمانی ناوچەیەک کە 25 کیلۆمەتر لە باشوری ڕیازەوە دورە تەقێنرایەوە.

گوتەبێژێکی حوثیەکان لەسەر تویتەری خۆی پـشتڕاستی کردەوە موشەکیان گرتووەتە سعودیـیە و نووسیویەتی موشەکێکی جۆری (بورکان تو ئێچی) بالیستیکیان گرتووەتە کۆشکی یەمامە لە ڕیاز.

لە لایەکی دیکە پـێشتر هەر ئەمڕۆ ڕۆبەرت کۆلڤیڵ گوتەبێژی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند لەم مانگە لە ماوەی 11 ڕۆژ 115 کەسی سیڤیل و ناچەکدار لە یەمەن بە بۆردومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی عەرەبستانی سعودیـیە کوژراون.

XS
SM
MD
LG