Accessibility links

ڕوسیا داوای گفتوگۆکردن دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداو


وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرجی لاڤرۆڤ داوای گفتوگۆی ڕاستەوخۆی کرد لەنێوان وڵاتە عەرەبییەکان و قەتەڕدا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی کەنداو و لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ سعودیە وتی داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات ئامادەبن بۆ یەکیەتی ناوچەکە.

لە پێنجی مانگی شەشدا سعودیە و بەحرەین و میسڕ و ئیماڕات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا بڕی و بە تۆمەتی کۆمەکیکردن لە تیرۆر تۆمەتباریان کرد و قەتەڕیش هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

لاڤرۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە جەددە وتی " هەڵوێستی خۆمان پیشانداوە کە ئێمە پێمان باشترە لەڕێی گفتوگۆکردنەوە ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن"

وتیشی " ئێمە زۆر زۆر بەلامانەوە گرنگە هەموو ئەو هەوڵە نێوەندگیرییانەی کە دەدرێن ئەنجامێکیان هەبێت و یەکیەتی بخاتەوە نێو ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو."

کوەیت و ئەمەریکا ڕۆڵی نێوەندگیرییان بینیوە لە ناکۆکییەکانی نێوان چوار وڵاتە عەرەبییەکە و قەتەڕدا کە بۆ ماوەی سێ مانگە بەردەوامە و گرژیی خستۆتە ناوجەکەوە و تورکیای ناچار کردووە هێز بنێرێت بۆ قەتەڕ بۆ پشتیوانیکردنیان.

وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جەبیر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لەگەڵ لاڤرۆڤ وتی دەبێت قەتەڕ جددی بێت لە هەوڵیدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ناکۆکییەکان.

وتی " ئێمە بەرچاو ڕوونیەکمان دەوێت لە هەڵوێستی قەتەڕ و دەبێت جددی بن لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم ڕەوشە کە لەگەڵ ئەو بنەمایانەدا یەکبگرێتەوە کە هەموو وڵاتانی جیهان کۆکن لەسەری، ئەوەش کۆمەکی نەکردنی تیرۆر و پشتیوانی نەکردنی تیرۆریستان و هەروەها بڵاونەکردنەوەی ڕق و توندڕەویی و دەست تێوەرنەدانی کاروباری وڵاتانی دیکەیە."

هەروەها دوو وەزیرەکە باسیان لە ڕەوشی ئێستای سوریاش کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG