Accessibility links

سعودیـیە دەڵێت هێرشی تێرۆرستی کراوەتە سەر 2 وێستگەی نەوتی وڵاتەکەی


کاربەدەستانی عەرەبستانی سعودیـیە دەڵێن 2 شوێنی نەوتی وڵاتەکەیان کراونەتە ئامانج، ئەمەش پاش ئەوەی حوسیـیەکانی یەمەن ڕایانگەیاند بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەی گرنگی سعودیـیە.

خالید بن عەبدولعەزیز ئەلفالح وەزیری وزە و پـیشەسازی سعودیـیە ئەمڕۆ سێشەممە گوتی لە نێوان 6 بۆ 6:30 ی بەیانی ئەمڕۆ 2 وێستگەی ترومپای کێڵگەکانی نەوتی ناوچەی ڕۆژهەڵات کە نەوت بە لولە نەوتیـیەکانی ڕۆژهەڵات- ڕۆژئاوا بۆ بەندەری یەنبوع لە کەناری ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەنێرن، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی جۆری درۆن کراونەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئاگر لە وێستگەی ژمارە 8 کەوتووەتەوە، بەڵام توانراوە کۆنترۆڵبکرێت و زیانێکی کەم بەر وێستگەکە کەوتووە.

گوتیشی کۆمپانیای ئارامکۆ، ئەوەی هەردوو وێستگەکە بەڕێوەدەبات، ناردنی نەوتەکەی ڕاگرتووە تاوەکو زیانەکان هەڵبسەنگێنێت و وێستگەکە چاکبکرێتەوە.

پاشان ئەلفالح هێرشەکەی بە کارێکی تێرۆرستی تێکدەر ناودێرکرد و گوتی ئەمە نەک تەنیا سعودیـیە دەکاتە ئامانج بەڵکو ئاسایشی هێڵەکانی گەیاندنی وزە بۆ جیهان و ئابور جیهانیش دەکاتە ئامانج.

وەزیری وزەی سعودیـیە لە دژێژەی لێدوانەکەیدا گوتی ئەم هێرشە دووپاتی‌دەکاتەوە کە چەندە گرنگە ڕووبەڕووی هەموو لایەنە تێرۆرستیـیەکان ببنەوە، ئەوانەی کاری تێکدەرانەی لەم جۆرە ئەنجام دەدەن، لەوانە حوسیـیەکان لە یەمەن کە لە لایەن ئێرانەوە پـشتیوانی دەکرێن.

جێی ئاماژەیە هەردوو وێستگەکە لە ڕۆژئاوای ڕیازی پایتەختن و ڕۆژانە نزیکەی 5 ملیۆن بەرمیل نەوت بە لولە نەوتیـیەکانی ڕۆژهەڵات- ڕۆژئاوا بۆ بەندەرەکانی سەر دەریای سوور ڕەوانەدەکەن.

XS
SM
MD
LG