Accessibility links

هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە بۆردومانی کامپێکی حوسییەکانی یەمەن دەکات


هاوپەیمانێتی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعودیە دەڵێت کامپێکی حوسییەکانیان لە سەنعای پایتەختی یەمەن بۆردومانکردووە، ئەمە لەکاتێکدایە بۆردومانکردنی حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران لەلایەن هاوپەیمانێتیەکەوە زیادیکردووە.

دەزگای هەواڵی فەڕمی سعودیە سپا وتی هاوپەیمانێتیەکە کە پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن دەکات و دژی حوسییەکانی ئەو وڵاتە دەجەنگێت، کۆگایەکی چەکی لە سەنعای ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لەناوبردووە.

لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەرکەکە وەڵامێکی خێرا بووە بۆ هەوڵێکی گواستنەوەی چەک لە کامپی تەشریفاتەوە لە سەنعا. کۆگاکانی چەکی لەناوبردووە."

وابڕیارە هاوپەیمانێتیەکە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام بدات، وەکو خۆیان دەڵێن مەبەست لە کۆنفرانسەکەش پیشاندانی ئەو بەڵگانەیە کە دەریدەخەن چەکدارانی حیزبوڵای لوبنان لە شەڕی ناوخۆی یەمەندا بوونیان هەیە.

سعودیە هەمیشە ئێرانی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پێدانی چەک بە حوسییەکان، دەشڵێت حیزبوڵای لوبنان مەشقی سەربازیی بە چەکدارانی حوسییەکان دەدات، ئێرانیش ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆی یەمەنەوە لە ساڵی 2014 دا لەنێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەن و چەکدارانی حوسییەکاندا کە زۆرینەی باکووری وڵاتەکەیان لەژێر دەستدایە، وڵاتەکە ڕووبەڕووی خراپترین قەیرانی مرۆیی بۆتەوە.

دەیان هەزاران کەس کوژراون و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت یەمەن ڕووبەڕووی خراپترین قەیرانی مرۆیی بۆتەوە لە جیهاندا.

بەرپرسانی سعودیە وتیان ڕۆژی شەممە هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە هێرشێکی سەربازیی بەرفراوانیان دژی حوسییەکان ئەنجامداوە، ئەوەش دوای ئەوەی حوسییەکان موشەکیان ئاڕاستەی سعودیە کرد و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG