داواکاری گشتی عەرەبستانی سعودیـیە دەڵێت 11 کەس لە کەیسی کوشتنی جەمال خاشقچی نووسەر و ڕۆژنامەوانی سعودی تاوانبارن و 5 کەسیان هەستاون بە کوشتنی و پارچەپارچەکردنی تەرمەکەی لە ناو کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە ئستەنبوڵ.
شەعلان ئەلشەعلان ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ڕیازی پایتەخت ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی سعودیـیەی لە بارەی کوشتنی خاشقچی ڕاگەیاند و گوتی مەسەلەکە لە 9 ی مانگی نۆوە دەسـتپـێدەکات، کاتێک جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتی سعودیـیە فەرمانی کردبوو خاشقچی قایل بکەن بگەڕێتەوە وە ئەگەر قایل نەبوو، ئەوا بە زۆر بیگەڕێننەوە.
گوتیشی پاشان کەسێک بە بەرپـرسی ئەرکەکە دەسـتنیشانکراوە و ئەویش تیمێکی15 کەسی پـێکهێنابوو و کردبوونی بە سێ گروپ(دانوستاندن و قایلکردن، هەواڵگری، لۆجستی)، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندی بە کەسێکی هاوکاریان لە تورکیا کردبوو تاوەکو شوێنێکی سەلامەت ئامادەبکات بۆ حاڵەتێک ئەگەر پـێویستی کرد خاشقچی بە زۆر بگەڕێننەوە بۆ سعودیـیە.
ئەلشەعلان لە درێژەی ڕاگەیاندنەکەی گوتیشی سەرۆکی گروپی قایلکردنەکە بۆی دەرکەوتبوو قورسە بتوانن بیبەنە شوێنێکی سەلامەت، بۆیە بڕیاری داوە ئەگەر هاتوو هەوڵەکەیان بۆ قایلکردنی شکستی هێنا، ئەوا بیکوژن. پاشان تیمەکەی شەڕیان لەگەڵ خاشقچی کردووە و دەرزیـیەکی هۆشبەریان لێداوە کە بڕەکەی زۆربووە و کوشتوویەتی و دواتر پارچەپارچەیانکردووە و ڕادەستی هاوکارەکەیانکردووە و براوەتە دەرەوەی کونسوڵخانە.
داواکاری گشتی سعودیـیە گوتیشی لەو 11 تاوانبارە، پـێنجیان کوشتنەکەیان ئەنجامدابوو، بۆیە داوای سزای مەرگی بۆ هەر پـێنجیان کرد. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەو 5 کەسە دانیان بە تاوانەکانیانناوە.
تورکیا لای خۆیەوە لە زاری مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوە، ئەم هەنگاوەی سعودیـیەی بە ئەرێنی ناودێرکرد، بەڵام گوتیشی ئەمە بەس نیـیە.
چاوشئۆغڵو ڕەتیکردەوە تیمە سعودیـیەکە ئەرکەکەیان تەنیا گەڕاندنەوەی خاشقچی بووبێت و گوتی کوشتنەکە پـێشتر پـلانی بۆ دانرابوو.
جێی ئاماژەیە جەمال خاشقچی لە 2 ی مانگی دە بۆ مامەڵەی هاوسەرگیری سەردانی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئستەنبوڵ کرد، بەڵام ئیدی لەو کاتەوە بێسەروشوێن بوو.