Accessibility links

لە هەڵمەتێـکی هێزەکانی ئاسایشی سعودیـیە لە نزیک مەککە 4 داعش دەکوژرێن


کاربەدەسـتان لە عەرەبسـتانی سعودیـیە دەڵێن هێزەکانی ئاسایش ئەمڕۆ پـێـنجشەممە هەڵمەتێـکیان ئەنجامداوە بۆ دەسـتگیرکردنی کەسانی سەر بە داعش و لە ئاکامدا 4 داعش کوژراون.

دەڵێن هەڵمەتەکە لە ناوچەی دۆڵی نوعمان لە باشوری شاری مەککە ئەنجامدرابوو و داعشەکان خۆیان لە شوێنێـکی حەوانەوە حەشاردابوو و ئامادە نەبوون خۆیان ڕادەستی هێزەکانی ئاسایش بکەن، سەر ئەنجام شەڕە تەقە لە نێوانیان ڕوویداوە و ئەو 4 کەسە کوژراون.

چەند ڕۆژێـکیش لەمەوبەر هێزەکانی ئاسایشی سعودیـیە لە پارێزێگای بیشەی باشوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە هەڵیانکوتایە سەر شوێنێک کە تیایدا 3 کەسی داعشی لێبوو و لە ئەنجامدا دووانیان کوژران و سێـیەمیان بە برینداری دەسـتگیرکرا.

لەوەتای ساڵی ڕابردووەوە چەندان تەقینەوە و تەقەکردن لە ناوچەی جیاجیاکانی سعودیـیە ڕوویانداوە کە تیایاندا هێزەکانی ئاسایش و شیعە کراونەتە ئامانج. داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە زۆربەی ئەو هێرشانە ڕاگەیاندووە.

XS
SM
MD
LG