Accessibility links

جێنشینی عەرەبستانی سعودیە: ئەگەر ئێران چەکی ناوکی دروستبکات ئێمەش دەبینە خاوەن چەکی ناوکی


جێنشینی عەرەبستانی سعودیە دەڵێت وڵاتەکەی خوازیار نیـیە ببێتە خاوەن چەکی ناوکی، بەڵام ئەگەر بێت و ئێران چەکی ناوکی دروستبکات، ئەوا سعودیـیە لە زووترین کاتدا ئەو جۆرە چەکە بەدەست‌دەهێنێت.

شازادە محەمەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز کە بۆخۆشی وەزیری بەرگریـیە ئەمەی لە چاوپێـکەوتێنکدا لەگەڵ کەناڵی CBS News ی ئەمەریکی ڕاگەیاند و گوتی ئەگەر ئێران چەکی ناوکی دروستبکات، ئەوا هیچ گومانی تێدا نیـیە عەرەبستانی سعودی بە دوایدا بە زووترین کات خۆی دەکاتە خاوەن چەکی ناوکی.

پاشان دووپاتیکردەوە کە ڕێبەری باڵای ئێران بە هیتلەر وێنادەکات و گوتی "ئایەتوڵڵا خامەنەئی خوازیارە پـرۆژەیەکی تایبەت بە خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت، ئەمەش زۆر لەوەی هیتلەر دەچێت کە کاتی خۆی هەوڵی فراوانکردنی سنووری دەسەڵاتی خۆی دەدا."

شازادە محەمەد بن سەلمان جەختی لەوەش کرد ئێران لە ئاستی تواناکانی عەرەبستانی سعودیـیە نیـیە و گوتی لەشکری ئێران لە نێو بەهێزترین پـێنج وڵاتانی جیهانی ئیسلامیدا نیـیە و ئابوری سعودیـیە گەورەترە لە ئابوری ئێران.

پەیوەندیـیەکانی نێوان سعودیـیە و ئێران چەند ساڵێکە ئێجگار گرژیـیان تێکەوتووە. ڕیاز دەڵێت تاران دەستوەردەداتە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و بووەتە مایەی نائارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

XS
SM
MD
LG