Accessibility links

عەرەبستانی سعودیـیە دوو چالاکوانی ژنی ناسراو دەستگیردەکات


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watchدەڵێت دەسەڵاتدارانی عەرەبستانی سعودیـیە دوو ژنی چالاکوانی ناسراویان دەستگیرکردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بێ پـێشینە لە دژی بزوتنەوەی داکۆکیکار لە ئازادی ژنان.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی ڕاپـۆرتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەڵێت هەردوو چالاکوان سەمەر بەدەوی و نەسیمە ئەلسادە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو دەسـتگیرکراون.

دەشڵێت دەسەڵاتدارانی سعودیـیە لە 15 ی مانگی پـێنجەوە ئەو هەڵمەتە بێ پـێشینەیان دەسـتپـێکردووە و هەتا ئێستا زیاتر لە 12 چالاکوانی ژن و پـیاویان دەسـتگیرکردووە.

سارا لیا ویتسن بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوەکە دەڵێت" دەسـتگیرکردنی سەمەر بەدەوی و نەسیمە ئەلسادە نیشانی دەدات دەسەڵاتدارانی سعودیـیە وەها لە ئۆپـۆزسیۆنی ئاشیتخوازانەی ئێستا و ڕابردوو دەڕوان کە هەڕەشەیەک بن بۆ سەر حوکمڕانیـیە زۆرداریـیەکەی."

دەشڵێت "لە پاش دەستگیرکردنەکانی ئەم دوایـیانەی کارداران و چالاکوانانی ژنان و پـیاوانی ئاینی چاکسازیخواز، دەبێت هاوپەیمانان و دۆستانی سعودیـیە پـرسیاریان لەلا دروستببێت لەسەر مانای ڕاستەقینەی چاکسازی چیـیە لە وڵاتێکدا تیایدا سەروەری یاسا پـشتگوێ خرابێت."

جێی ئاماژەیە سەمەر بەدەوی لە ساڵی 2012 خەڵاتی نێودەوڵەتی ئەمەریکایی بۆ ژنی ئازا وەرگرت. هەریەک لە هێلەری کلنتن وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمەریکا و میشێل ئۆباما خانمی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە مەراسیمی خەڵاتکردنەکە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پـیرۆزبایی‌یان لێکرد.

XS
SM
MD
LG