Accessibility links

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ: سعودیـیە لە دەسـتگیرکردنی چالاکوانانی ژن بەردەوامە


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت عەرەبستانی سعودیـیە بەردەوامە لە ڕێوشوێنە توندەکانی لە بەرامبەر ئەو چالاکوانانەی داکۆکی لە مافەکانی ژنان لە وڵاتەکەیان دەکەن.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی ڕاپـۆرتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لەوە دەکات نۆف عەبدولعەزیز کە نووسەر و چالاکوانێکی ژنە لە 6 ی مانگی شەشەوە دەسـتگیرکراوە پاش ئەوەی هاوسۆزی خۆی بۆ 3 چالاکوانی ژن دەربڕیبوو کە لە مانگی پـێنجەوە دەسـتگیرکراون.

هەروەها لە 10 ی مانگی شەش، مەیاء ئەلزەهرانی چالاکوانی مافەکان دەسـتگیرکرا پاش ئەوەی نامەیەکی لەسەر ئنتەرنێت بڵاوکردەوە کە نۆف عەبدولعەزیز داوای لێکردبوو ئەگەر هات و دەسـتگیرکرا بڵاویبکاتەوە.

پـێشتریش وەک ڕۆژنامەی عوکاظی سعودیـیە لە 4 ی مانگی شەش نووسیویەتی 9 چالاکوان دەسـتگیرکراون کە چواریان ژنن، لەوانە لوجین ئەلهذلول و ئیمان ئەلنفجان و عەزیزە ئەلیوسف کە ناسراون بەوەی داکۆکی لە مافی ژنان دەکەن لە لێخوڕینی ئۆتۆمبیل و هەروەها داوای کۆتایی هێنان بە پـیاو سالاری لە وڵاتەکەیاندا.

ئەم چالاکوانانە چەند تۆمەتێکی مەترسیداریان ئاڕاستەکراوە، لەوانە هاوکاریکردن لەگەڵ لایەنانی دژ بە سعودیـیە و هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی و هەستیار بە ئامانجی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیـیە باڵاکانی سعودیـیە. ئەگەربێت و ئەو تۆمەتانەیان بەسەردا ساغ بکرێنەوە ئەوا شیانی هەیە هەتا 20 ساڵ زیندانی بکرێن.

سارا لیا ویتسن بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هیومەن ڕایتس وۆچ دەڵێت پـێدەچێت حکومەتی سعودیـیە سووربێت لەسەر نەهێشتنی هیچ دەرفەتێک بۆ هاوڵاتیانی خۆی لەوەی بە قسە پـشتیوانی خۆیان دەربـبڕن بۆ چالاکوانە دەسـتگیرکراوەکان. دەشڵێت پـێدەچێت تاوانی نۆف عەبدولعەزیز و مەیاء ئەلزەهرانی تەنیا دەربڕینی هاوسۆزی بێت بۆ چالاکوانە ژنەکانی هاوڕێـیان کە لە ئێستادا دەستگیرکراون.

XS
SM
MD
LG