هێزی بەرگری ئاسمانی سعودیە بەرپەرچی سێ موشەکی باڵیستیکی داوەتەوە کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە هاویژراون بە ئاڕاستەی ڕیاز و دوو شاری دیکە لە باشووری وڵاتەکە.
لەمدواییانەدا حوسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر سعودیە چڕتر کردۆتەوە کە ئەوەش دوژمنایەتی نێوان ئێران و سعودیە زیاتر و قوڵتر دەکاتەوە.
دەزگا فەڕمییەکانی ڕاگەیاندن و هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی سعودیە کە لەدژی حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران دەجەنگن لە یەمەن وتیان سێ موشەک بەسەر پایتەخت و شارەکانی جازان و نەجرانی باشووری وڵاتەکە خراونەتە خوارەوە.
حوسییەکان دەڵێن وەزارەتی بەرگری سعودیە لە ڕیاز و دامەزراوەیەکی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆی نەوتی سعودیەیان کردۆتە ئامانج.
هیچ هەواڵێک نیە لەسەر کەوتنەوەی زیانی گیانی و ماددی.
جێی ئاماژەیە لە ماوەی پێنج مانگدا ئەمە چوارەمین جارە ڕیاز ڕووبەڕووی هێرشی موشەکی دەبێتەوە، لەکاتێکدا حوسییەکان هەوڵەکانیان چڕدەکەنەوە بۆ دەرخستنی ئەوەی کە دەتوانن بگەنە پایتەختی سعودیە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز