Accessibility links

کۆشکی سپی: جێگری وەزیری بەرگری سعودیە لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا کۆدەبێتەوە


جێگری وەزیری بەرگری سعودیە خالید بن سەلمان

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەدا جێگری وەزیری بەرگری سعودیە خالید بن سەلمان لە واشنتن چاوی بە بەرپرسانی ئەمەریکا دەکەوێت، لەنێویشیاندا ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی پێدەچێت لەمیانەی کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ شازادە خالید باس لە بابەتی کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچیش بکرێت کە لە ساڵی 2018 دا لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ دیار نەما.

ساکی وتیشی " لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هاوبەشیە درێژخایەنەکەی نێوان دوو وڵاتەکە و ئاسایشی ناوچەکە و پابەندبوونی ئەمەریکاوە دەکرێت بە یارمەتیدانی سعودیە لە بەرگریکردن لە خاکەکەی، لەکاتێکدا لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە هێرشی دەکرێتەسەر."

ئەم سەردانەی بەرپرسە سعودییەکە بۆ ئەمەریکا وەکو بەرچاو ڕوونیەک دەبێت بۆ سعودیە تاوەکو بزانێت پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە تا چ ڕادەیەک لە سەردەمی جۆو بایدندا گۆڕاوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی سیاسەتی بایدن بەرامبەر سعودیە جیاوازە لە سیاسەتی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بەرامبەر ئەو وڵاتە کە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە سعودیە دەکرد.

لەدوای کوژرانی خاشقچییەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و سعودیە گرژییان تێکەوت، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا لە مانگی دوودا ڕایگەیاند شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان ئەرکی ڕفاندن یاخود کوشتنی خاشقچی پەسەند کردووە، لەلای خۆشیەوە سعودیە هەموو ئەوانە ڕەت دەکاتەوە.

جێی ئاماژەیە شازادە خالیدی کوڕی پاشای سعودیە و برا بچووکی شازادە محەمەد بن سەلمان باڵاترین بەرپرسی سعودیەیە لە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکایەتیەکەی بایدنەوە سەردانی ئەمەریکا بکات. وابڕیاریشە لەمیانەی کۆبوونەوەکاندا باس لە ناکۆکییەکانی نێوان دوو وڵاتە بکرێت سەبارەت بە دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە و کۆمەڵێک بابەتی دیکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG