Accessibility links

وەزیری دەرەوەی سعودیە: سعودییەکان نازانن خاشقچی چۆن کوژراوە


وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر

وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر وتی بەرپرسانی سعودی وردەکاری چۆنێتی کوشتنی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچی نازانن لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ و هەروەها شوێنی لاشەکەشی نازانن.

وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ فۆکس نیوز وتی " تیمێکی ئاسایشی سعودیە مامەڵەی لەگەڵ خاشقچیدا کردووە کاتێک چۆتە ناو کونسوڵخانەکەوە، چیرۆکی ئەوان لەگەڵ ئەوەی دواتر کە ڕوویداوە لەگەڵ چیرۆکی بەرپرسانی تورکیدا جیاوازە، ئەوەش وای لە سعودیە کرد لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدات."

وتیشی " لە کونسوڵخانەکە کوژراوە. وردەکاری کوشتنەکەی نازانین. ناشزانین لاشەکەی لەکوێیە. سوورین لەسەر ئەوەی هەوڵی تەواوی خۆمان بدەین. سووریشین لەسەر ئەوەی سزای ئەو کەسانە بدەین کە ئەم کارەیان کردووە."

جێی ئاماژەیە جوبەیر یەکەمین بەرپرسی باڵای سعودیەیە کە بەشێوەیەکی فەڕمی باس لە بابەتی خاشقچی دەکات لەو کاتەوەی کە سعودیەکان دانیان بەوەدانا کە خاشقچی مردووە.

سعودیەکان چیرۆکی جیا جیایان باسکردووە سەبارەت بەو هۆکارانەی کە بوونەتە هۆی مردنی خاشقچی، نوسەرێک بوو لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست و ڕەخنەی لە شازادەی جێگرەوەی سعودیە محەمەد بن سەلمان دەگرت و دوای ئەوەی چووە ناو کونسوڵخانەی سعودیەوە لە ئیستەنبوڵ دیار نەما.

جوبەیر ئاماژەی بەوەدا کوشتنی خاشقچی هەڵەیەکی زۆر گەورە بووە وسەرەخۆشی خۆی لە خانەوادەی ڕۆژنامەنووسەکە کرد، هێشتا هەندێک لە خزمەکانی لە سعودیە دەژین و سێ کوڕی هەیە کە هەموویان ڕەگەزنامەی ئەمەریکیان هەیە.

جوبەیر لە چاوپێکەوتنەکەدا وتی " ئەمە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە. کارەساتێکی زۆر خراپە. سەرەخۆشی خۆمانیان لێدەکەین. هەست بە ئازارەکانیان دەکەین. بەداخەوەی هەڵەیەکی گەورە کراوە و دڵنیاتان دەکەمەوە ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لەم کارە بە سزای خۆیان دەگەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG