Accessibility links

نوێنەری ئەمەریکا بۆ یەمەن لە ڕیاز چاوی بە وەزیری دەرەوەی سعودیە دەکەوێت


وەزیری دەرەوەی سعودیە ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود
وەزیری دەرەوەی سعودیە ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود

دەزگای هەواڵی سعودیە ئاماژەی بەوەدا نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ یەمەن تیمۆثی لیندەرکینج لە ڕیاز چاوی بە وەزیری دەرەوەی سعودیە ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود کەوتووە.

لە ڕاپۆرتی دەزگاکەدا هاتووە دەڵێت " لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێی نوێترین پێشهاتەکان کراوە لە یەمەن، هەروەها باس لە هەوڵە هاوبەشەکان کراوە بۆ پشتیوانیکردن لە ڕێگەیەک بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی بەرفراوان بۆ قەیرانی یەمەن."

وتیشی نوێنەری سعودیەش بۆ یەمەن بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کردووە.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دیبلۆماتکاری بە ئەزموونی ئەمەریکی تیمۆثی لیندەرکینجی وەکو نوێنەری تایبەتی وڵاتەکە بۆ یەمەن دیاریکرد، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ پتەوکردنی هەوڵە سیاسییەکانی ئەمەریکا بۆ کۆتای هێنان بە جەنگی یەمەن کە بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆتە هۆی کەوتنەوەی گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا.

سعودیە لە ساڵی 2015 وە ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتیەک دەکات بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی یەمەن لە دژی حوسییەکان.

لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدەدەن دانوستانەکانی ئاشتی بۆ کۆتای هێنان بە جەنگی یەمەن زیندوو بکەنەوە.

هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا ئەمەریکا ڕایگەیاند چیتر پشتیوانی لە ئەرکە سەربازییەکانی هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە لە یەمەن ناکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG