Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: هێشتا ئۆپۆزسیۆن لە سعودیە جێی قبوڵکردن نیە


وتەبێژی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ ڕافینا شامداسانی
وتەبێژی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ ڕافینا شامداسانی

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە سعودیە کرد هەموو ئەو چالاکەوانانە ئازاد بکات کە داوایان کردبوو ئافرەت بتوانێت ئوتومبێل لێبخوڕێت لە سعودیە.

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ وتی بەلایەنی کەمەوە 15 ڕەخنەگر لە حکومەتی سعودیە لە مانگی پێنجدا دەستگیرکراون و شوێنی هەندێکیان هێشتا نادیارە.

وتەبێژی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ ڕافینا شامداسانی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " داوا لە سعودیە دەکەین بەبێ مەرج هەموو ئەو کەسانەی کە بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن و چالاکەوانانی مافی مرۆڤ ئازاد بکات کە بەهۆی کارەکانیانەوە لە بواری مافەکانی مرۆڤدا دەستگیرکراون."

شازادەی جێگرەوە سعودیە محەمەد بن سەلمان زنجیرەیەک چاکسازی فراوانی کرد بۆ هەمەڕەنگکردنی دارایی وڵاتەکە.

بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن چاکسازییەکان سیستمی سیاسەتی پاشایەتی نەگرتۆتەوە لەکاتێکدا هێشتا هەموو جۆرەکانی ئۆپۆزسیۆن بە ئاشکرا قەدەغەن.

شامداسانی وتیشی " چاکسازییەکانی سعودیە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ و سیاسەتی نەگرتۆتەوە." هەروەها وتی ئۆپۆزسیۆن هێشتا جێی قبوڵکردن نیە.

وتیشی " ئۆپۆزسیۆن و ڕەخنەگرتن لە حکومەت هێشتا لە وڵاتەکەدا جێی قبوڵکردن نیە. ئەوەش هۆکاری دەستگیرکردنی هەموو ئەو کەسانەیە کە بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن و بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی حکومەت گرتووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG