Accessibility links

ڕیاز: دوای نێوەندگری سعودیە ڕووسیا 10 بیانی ئازاد دەکات کە لە ئۆکرانیا دەستگیرکرابوون


وەزارەتی دەرەوەی سعودیە دەڵێت دوابەدوای نێوەندگری شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان، ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە 10 زیندانی بیانی ئازاد کردووە کە لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا دەستگیری کردبوون.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەکەدا وتی زیندانییە ئازادکراوەکان خەڵکی ئەمەریکا و بەڕیتانیا و کڕواتیا و مەغریب بوون و فڕۆکەکەشیان لە سعودیە نیشتۆتەوە.

گوتی " بەرپرسانی پەیوەندیداری سعودیە زیندانییەکانی وەرگرتووە و لە ڕووسیاوە گواستوویاننەتەوە بۆ سعودیە و کارەکانیان بۆ وڵاتەکانیان ئاسان کردووە."

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ناوی زیندانییەکانی ئاشکرا نەکرد، بەرپرسێکی سعودیە گوتی پێنج هاوڵاتی بەڕیتانی و دوو هاوڵاتی ئەمەریکی و کڕواتییەک و مەغریبییەک و سویدییەکیان تێدا بووە.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا لیز ترەس ستایشی ئازادکردنی بەڕیتانییەکانی کرد و گوتی " هەواڵێکی زۆر دڵخۆشکەرە، دوای چەند مانگێک لە نادیاریی و ئازار بۆ خۆیان و خێزانەکانیان."

یاسادانەری بەڕیتانی ڕۆبەری جینریک گوتی ئایدن ئاسلین لە نێو ئەوانەدا بووە کە ئازاد کراوە. لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا ئایدن لە ئۆکرانیا دەستگیرکرا و لەلایەن دادگایەکی " کۆماری گەلی دۆنێتسکەوە " سزای مەرگی بەسەردا سەپێندرا بوو.

بەپێی خێزانەکانیان، ڕووسیا ئالیکساندەر دروکی تەمەن 39 ساڵ و ئاندی هوی تەمەن 27 ساڵیشیان ئازاد کردووە.

دوو ئەمەریکییەکە کە هەردووکیان خەڵکی ئالابامای ئەمەریکان، لە مانگی شەشدا لەمیانەی شەڕیاندا لە پاڵ هێزەکانی ئۆکرانیا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە دەستگیرکران.

ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی بیانی دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بەرەو ئۆکرانیا ڕۆیشتن، هەندێکیان لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە گیران، هەندێک بیانی دیکەش دەستگیرکراون کە لە ئۆکرانیا بوون و دەڵێن بۆ شەڕکردن لەوێ نەبوون.

ڕۆیتەرز دەڵێت تاوەکو ئێستا نەیزانیوە کە ئایا لەو کەسانەدا کە ئازاد کراون شۆن پینەری بەڕیتانی و براهیم سەعدونی مەغریبییان تێدایە یاخود نا، ئەو دووانەش لە دۆنێتسک دەستگیرکران و سزای مەرگییان بەسەردا سەپێندراوە.

وەزیری دەرەوەی سوید ئان لیند ئەوەشی پشتڕاست کردەوە ئەو هاوڵاتییە سویدییەی کە لە شاری ماریوپۆڵ دەستگیرکرا و ڕووبەڕووی ئەگەری سزای مەرگ بووەوە، ئازاد کراوە.

لیند لە نیویۆرک بە دەزگای هەواڵی تی تی سویدی گوت " ئەو سویدییەی کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە دەستگیرکرا ئازاد کراوە و لە ڕێگایدایە بۆ سوید."

سەرەڕای فشارەکانی ئەمەریکا بۆ پەراوێزخستنی ڕووسیا، شازادە محەمەد بن سەلمان پەیوەندییە نزیکەکەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا پاراستووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG