Accessibility links

وەزیری وزەی سعودیە دەڵێت هێشتا هیچ ئەنجامێکی ڕوونمان نەبینیوە لە کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیادا


وەزیری وزەی سعودیە شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان
وەزیری وزەی سعودیە شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان

وەزیری وزەی سعودیە، شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان دەڵێت کاریگەری سزاکانی ئەوروپا بۆ سەر نەوتی خاوی ڕووسیا و کەمکردنەوەی نرخەکان " هێشتا ئەنجامێکی ڕوونییان نەبووە " و هێشتا جێبەجێکردنەکەشی ڕوون نییە.

کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیا لەلایەن وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتەوە ڕۆژی دووشەممە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، لە کاتێکدا ڕۆژئاوا هەوڵ دەدات تواناکانی مۆسکۆ بۆ پشتیوانیکردنی جەنگەکەی لە ئۆکرانیا لە ڕووی داراییەوە سنووردار بکات.

ڕووسیا وتوویەتی کە پابەندی ڕێوشوێنەکان نابێت تەنانەت ئەگەر بەرهەمهێنانی نەوتی خۆشی کەم بکاتەوە.

شازادە عەبدولعەزیز لە کۆڕبەندێکدا دوابەدوای ڕاگەیاندنی بودجەی ساڵی 2023ی سعودیە وتی " ئەوەی ئێستا ڕوودەدات لە ڕووی سەپاندنی سزاکان و کەمکردنەوەی نرخەکان، لە ڕاستیدا ئەنجامی ڕوونییان نەبووە، بەو ڕێوشوێنانەشەوە کە لە 5 ی مانگی دوانزەدا خرانە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێمە نا ڕوونییەک دەبینین لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێوشوێنانەدا."

وتیشی کاردانەوەی ڕووسیا و ئەو ڕێوشوێنانەی کە وەکو وەڵامێک بۆ ئەم ئامڕازانە دەیگرێتەبەر دەبێت بەجددیی وەربگیرێن لە کاتێکدا باس لە وڵاتێک دەکەیت کە ڕۆڵی خۆی هەیە لە بازاڕەکانی جیهاندا.

وتی " ئەم ئامڕازانە بە مەبەستی سیاسیی بوون و هێشتا ڕوون نییە کە ئایا مەبەستە سیاسییەکانیان دەپێکن یاخود نا." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG