Accessibility links

وەزیرێکی سعودیە بەرگری لە بڕیاری نزمکردنەوەی دەنگی دەنگۆکانی مزگەوتەکان دەکات


وەزیری کاروباری ئیسلامی سعودیە عەبدول لەتیف ئال شێخ بەرگری لە بڕیاری نزمکردنەوەی دەنگی دەنگۆکانی مزگەوتەکانی کرد و وتی خێزانەکان سکاڵای ئەوە دەکەن منداڵەکانیان بەهۆی بەرزی دەنگی دەنگۆکانەوە ناتوانن بخەون.

هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی کاروباری ئیسلامی سعودیە وتی دەبێت دەنگۆکانی مزگەوتەکان لە 3 پلەی سەر ئامێرەکان زیاتر نەبێت، هەروەها بەکارهێنانی دەنگی دەرەوەی بۆ قامەت و بانگدان کەمکردەوە.

ئەم بڕیارەش لەکاتێکدا دێت سعودیە بە ڕابەرایەتی شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ چاکسازیکردن لە ڕۆڵی دیندا لە ژیانی خەڵکی وڵاتەکەدا، ئەمە لەکاتێکدایە شازادە محەمەد بن سەلمان کۆمەڵێک کۆتوبەندی کۆمەڵایەتی کەمکردەوە و ڕێگەش بە هیچ ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسیی نادات.

وەزیری کاروباری ئیسلامی سعودیە عەبدول لەتیف ئال شێخ وتی ئەم گۆڕانکارییانە بەهۆی سکاڵای خەڵکەکەوە بوون لەسەر بەرزیی دەنگی دەنگۆکان، لەوانەش خەڵکانی بەتەمەن و ئەو خێزانانەی کە نەیانتوانیوە منداڵەکانیان بەشێوەیەکی بەردەوام بخەوێنن.

وتی " ئەوەی نوێژ بکات چاوەڕێی بانگدەر ناکات بانگ بدات و گوێی لە دەنگی بێت، پێویستە پێش بانگدەرەکە لە مزگەوت بێت." ئەوەشی خستەڕوو کۆمەڵێک کەناڵی تەلەفیزیۆنی هەیە بانگدان ڕاستەوخۆ پەخش دەکەن.

هەندێک لە سعودییەکان لەو شوێنانەی تیایدا دەژین پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد، بەڵام هەندێکی دیکەیان دەڵێن بەرپرسان ئەو ئارامییەیان بیرچۆتەوە کە بەهۆی دەنگی بانگدانەوە هەستی پێدەکەیت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG