Accessibility links

سعودیە دەڵێت زاڵبوونی دەسەڵاتی حیزبوڵا هۆکاری سەرەکییە لە پشت کێشەکانی لوبنانەوە


وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود
وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەدا وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود دەڵێت سووربوونی حیزبوڵای لوبنانی لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتەکانی، هۆکاری سەرەکیە لە پشت ئەو قەیرانانەوە کە ڕووبەڕووی لوبنان بوونەتەوە.

وەزیری دەرەوەی سعودیە ئاماژەشی بەوەدا وڵاتەکەی نیگەرانە لەسەر ئەوەی هێشتا هیچ ئەنجامێکی ڕوون و ئاشکرا لە لێکۆڵینەوەکانی تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیروتدا دیار نیە. وتیشی یارمەتیدانی لوبنان پەیوەستە بەو چاکسازییانەوە کە دەبێت لەو وڵاتەدا جێبەجێ بکرێن.

لەلایەکی دیکەوە لە ماوەی ڕابردوودا ئۆفیسی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوەدا لە کۆنگرەیەکدا بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بەپەلە بۆ ئابووری لوبنان، 370 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو ولاتە کۆکردۆتەوە.

لە ساڵیادی یەکەمی تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیروتدا، خۆپیشاندەران ڕژانە سەر شەقامەکان و داوایان کرد لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوانەدا بکرێت کە هۆکار بوون بۆ تەقینەوەکە.

لەمیانەی خۆپیشاندانەکاندا شەڕ و پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا ڕوویدا، ئەوەش دوای ئەوەی خۆپیشاندەران ئاگرییان کردەوە و هەوڵیاندا بچنە ناو بینای پەرلەمانەوە. پۆلیس بە گازی فرمێسک ڕژێن و فیشەکی لاستیکیەوە وەڵامی خۆپیشاندەرانی دایەوە.

ڕێکخراوی خاچی سوور کە 21 ئوتومبێلی فریاکەوتن و 100 کارمەندی تەندروستی ڕەوانەی شوێنی خۆپیشاندانەکان کردبوو، لە بەیاننامەیەکدا وتی هەشت کەسیان گواستۆتەوە بۆ نەخۆشخانە و لە شوێنی خۆپیشاندانەکانیشدا چارەسەریی دەیان کەسیان کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG