وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی دەڵێت ئێران هیچ مەرجێکی پێشوەختەی نیە لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ سعودیە، داواشی لە ڕیاز کرد " ڕێبازێکی بونیادنەر " بگرێتەبەر بۆ باشکردنەوەی پەیوەندییەکان.
کەنعانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی " ئێران بە شێوەیەکی ڕێژەیی وەڵامی هەر کردەوەیەکی بونیادنەرانەی سعودیە دەداتەوە."
لە ساڵی 2016 دا پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران تێکچوون، لەو کاتەشەوە هەردوولا لە ململانێکانی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پشتیوانی لە لایەنە ڕکابەرەکان دەکەن، لە یەمەنەوە بۆ سوریا و شوێنەکانی دیکەش.
مانگی ڕابردوو تاران گوتی هەر کاتێک بارودۆخەکەی ناو عێراق گونجاو بوو خولی شەشەمی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و سعودیە لە بەغداد دەستپێدەکەنەوە، کە پێشتر دواخرا بوو.
لە مانگی پێنجدا وەزیری دەرەوەی سعودیە گوتی هەندێک بەرەوپێشچوون هەبوون لە گفتوگۆکانی نێوان دوو وڵاتەکە کە عێراق نێوەندگری دەکات، بەڵام " بەس نین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز