وەزیری دەرەوەی سعودیە دەڵێت ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی دەست بکەوێت ئەوا وڵاتانی دراوسێ لە کەنداوی عەرەب کار دەکەن بۆ پتەوکردنی ئاسایشییان.
لە مانگی نۆدا گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ڕاگیران. ئەمەریکا لە ساڵی 2018 دا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا.
سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە زیادکردنی تواناکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە. لەمدواییانەشدا ئێران ڕایگەیاند تواناکانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر دەکات.
وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود لە میانەی کۆنفرانسی سیاسەتی جیهاندا لە ئەبوزەبی گوتی " ئەگەر ئێران چەکێکی ئەتۆمی چالاکی دەست بکەوێت، ئەوا هەموو گرەوەکان هەڵدەوەشێنەوە."
گوتیشی " ئێمە لە شوێنێکی زۆر مەترسیدارداین لە ناوچەکەدا، دەتوانیت پێشبینی ئەوە بکەیت کە لەو کاتەدا وڵاتانی ناوچەکە بیر لەوە بکەنەوە چۆن دڵنیا ببنەوە لە ئاسایشی خۆیان."
گفتوگۆکان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بە چەق بەستوویی ماونەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئێرانیان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی داواکردنی کۆمەڵە داواکارییەک کە ڕێیان تێناچێت، هەروەها سەنگەکە چووە سەر جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و هاوکات خۆپیشاندانەکانی ناو ئێران کە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵەوە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا سەریانهەڵدا.
سەرەڕای ئەوەی سعودیە " بە گومان " بووە سەبارەت بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران، شازادە فەیسەڵ وتی پشتیوانی لە هەوڵەکان کردووە بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە " بە مەرجێک خاڵێکی دەستپێکردن بێت، نەک خاڵێکی کۆتایی " بۆ ڕێککەوتنێکی بەهێزتر لەگەڵ ئێراندا.
وڵاتانی عەرەبی سوننەی کەنداو داوای ڕێککەوتنێکی بەهێزترییان کردووە لەگەڵ ئێراندا کە تیایدا گوێ بۆ نیگەرانییەکانیان بگیردرێت سەبارەت بە بەرنامە موشەکی و گروپە چەکدارییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.
فەیسەڵ گوتی " نیشانەکان لە ئێستادا بە داخەوە زۆر ئەرێنی نین."
گوتی " لە ئێرانییەکانی دەبیستین کە هیچ بەرنامەی چەکی ئەتۆمی بەلایانەوە گرنگ نیە، زۆر دڵنەوایی دەبێت ئەگەر بتوانین باوەڕ بەوە بکەین، پێویستمان بە دڵنیایی زیاترە لەو ئاستەدا."
ئێران دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ مەبەستی مەدەنییە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
سعودیە دەڵێت ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی دەست بکەوێت ئەوا وڵاتانی کەنداو ئاسایشیان پتەوتر دەکەن
