Accessibility links

سعودیە نیگەرانە لە هەنگاوەکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم


سعودیە نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە نیازی ئێران بۆ دەستکردن بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی لە سەدا 60، وتی ئەمجۆرە هەنگاوانە ناکرێت وەکو بەشێک لە بەرنامەی ناوەکی ئاشتیانە سەیری بکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاوییان کردۆتەوە داوا لە ئێران دەکات " خۆی بەدووربگرێت لە زیادکردنی گرژییەکان و ئاسایشی ناوچەکە نەخاتە مەترسییەوە." هەروەها داوای لە تاران کرد بەجددیی بەشداری لە دانوستانەکانی ئێستای هێزە جیهانیەکاندا بکات سەبارەت ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 .

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " پێویستە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەنە ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئێران بە کۆمەڵێک کۆتوبەندی بەهێزتر و درێژترەوە."

لە ماوەی ڕابردوودا ئێران ڕایگەیاند بەنیازە بەڕێژەی لە سەدا 60 یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەوەش نزیک دەبێتەوە لەو ڕێژەیەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوەکی کە دەکاتە لە سەدا 90. ئەم ڕاگەیاندنەی ئێران دوای ئەوە هات تاران ئیسڕائیلی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی تێکدانی کارخانەیەکی سەرەکی ناوەکیی وڵاتەکە.

سعودیە و هاوپەیمانەکانی لە کەنداو، کە هەمیشە نیگەران بوون لە موشەکە باڵیستیکیەکانی ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا، پشتیوانیان لە بڕیارەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کرد بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران و دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئەو وڵاتەدا.

بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە باس لەوەش دەکات " هەر ڕێکەوتنێک پێش ئەوەی واژۆ بکرێت دەبێت بە چاوی نیگەرانیی وڵاتانی ناوچەکەوە سەیر بکرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG