Accessibility links

سعودیە بەرپەرچی کۆمەڵێک موشەکی حوثییەکانی یەمەن دەداتەوە


ڕیاز ڕایگەیاند هێزی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە " بەرپەرچی کۆمەڵێک موشەکی باڵیستیکی داوەتەوە " کە حوثییەکانی یەمەن لە سەنعای پایتەختی یەمەنەوە بە ئاڕاستەی کۆمەڵێک شاری سعودیە هەڵیانداوە.

دەزگای هەواڵی فەڕمی سعودیە ( واس ) لە زاری بەیاننامەیەکی هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە دژی حوثییەکانی یەمەن بڵاویکردەوە " هێزەکانی بەرگری ئاسمانی سعودیە بەرپەرچی کۆمەڵێک موشەکی باڵیستیکیان داوەتەوە و تێکیان شکاندوون و ئەو موشەکانە لە سەنعاوە بە ئاڕاستەی سعودیە هەڵدراون."

وتەبێژی هاوپەیمانێتیەکە تورکی مالیکی لە بەیاننامەیەکدا وتی " کاتژمێر دووی ئەم بەیانییە هێزی بەرگری ئاسمانی سعودیە بەرپەرچی کۆمەڵێک موشەکیان داوەتەوە کە میلیشیا تیرۆریستیەکانی حوثییەکان بە ئاڕاستەی شارەکانی سعودیە هەڵیانداون."

مالیکی ئاماژەی بە ژمارەی ئەو موشەکانە نەدا کە هەڵدراون و هەروەها ئاماژەی بەو شارانەی سعودیەش نەدا کە کرابوونە ئامانج، بەڵام وتی " ئەم موشەکانە بە مەبەست و بە بەرنامە هەڵدراون بۆ بە ئامانجکردنی شارەکان و هاوڵاتیانی مەدەنی، ئەمەش پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG