Accessibility links

هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی سعودیە کۆمەکی پشتیوانیکەرانی ساڵح دەکات دژی حوسییەکان


سەرۆکی پێشووی یەمەن عەلی عەبدوڵا ساڵح

دەزگا هەواڵییە ناوخۆییەکان وتیان هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعودیە هێرشی ئاسمانیان بە شەو ئەنجامداوە لە سەنعاءی پایتەختی یەمەن بەمەبەستی کۆمەکیکردن لە پشتیوانکەرانی سەرۆکی پێشووی یەمەن عەلی عەبدوڵا ساڵح لە شەڕیاندا دژی حوسییەکان.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ساڵح ڕایگەیاند کۆتایی بە هاوپەیمانێتییەکەی هێناوە لەگەڵ حوسییەکاندا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت، ئەمەش لەوانەیە ڕێگە خۆشکەر بێت لەبەردەم کۆتایی هێنان بە جەنگی ناو یەمەن کە بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵە بەردەوامە.

ڕۆژی شەممە ساڵح ڕایگەیاند ئامادەیە پەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە لەگەڵ هاوپەیمانێتی عەرەبیدا بە ڕابەرایەتی سعودیە لە یەمەن ئەگەر هاوپەیمانێتییەکە هێرشەکانیان بۆ سەر یەمەن ڕابگرن و کۆتایی بە گەمارۆدانەکە بهێنێت.

بەڵام دانیشتوانی ناوچەکە ڕۆژی یەکشەممە وتیان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتییەکەوە 12 هاوڵاتی مەدەنی لە یەک خێزاندا کوژراون لە پارێزگای سەعدەی باکوور کە موڵگەی حوسییەکانە.

کەناڵی عەرەبییە کە سعودییەکان خاوەنی کەناڵەکەن ئاماژەی بەوەدا فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتی عەرەبی شوێنەکانی حوسییەکانی لە باشووری سەنعاء لە شەودا بۆمباران کردووە بەڵام سەبارەت بە زیانە گیانییەکان ئاماژەی بە هیچ وردەکارییەکی دیکە نەدا.

لەلای خۆشیانەوە حوسییەکان کە زۆربەی ناوچەکانی باکووری یەمەنیان لەژێر دەستدایە ڕایانگەیاند موشەکێکیان لە جۆری کروز بە ئاڕاستەی وێستگەیەکی وزەی ئەتۆمی هەڵداوە لە ئیماڕات، ئیماڕاتیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی سعودیە و ئەمەریکا پشتیوانی لێدەکات و وڵاتانی ڕۆژئاواش پێشوازییان لە بڕیارەکەی ساڵح کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG