Accessibility links

وەزیری دەرەوەی سعودیە: هەڵسانگاندنی سی ئای ئەی سەبارەت بە کوژرانی خاشقچی هیچ بنەمایەکی دروستی نیە


وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر

وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ڕاپۆرتەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا سی ئای ئەی کە گوایە شازادەی جێگرەوەی سعودیە محەمەد بن سەلمان فەرمانی دەرکردووە بە کوشتنی جەمال خاشقچی، وتی ئەم جۆرە قسانە هیچ بنەمایەکی دروستیان نیە و بەتەواوەتی ڕەتی دەکەینەوە.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە شازادەی جێگرەوەی سعودیە فەرمانی دەرکردووە بە کوشتنی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی، ئەمەش زۆرترین هەڵسانگاندنی ئەمەریکایە تا ئێستا کە فەرمانڕەوای سعودیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبەستێتەوە بە کوژرانی خاشقچییەوە و لەگەڵ لێدوانەکانی سعودیەدا کە دەڵێت کوشتنەکە هیچ پەیوەندییەکی بە شازادەوە نیە یەک ناگرێتەوە.

ڕۆژنامەی شەرقلوەسەتی سەر بە سعودیە لە زاری جوبەیرەوە بڵاویکردەوە " ئێمە لە سعودیە دەزانین ئەم جۆرە قسانە سەبارەت بە شازادەی جێگرەوە هیچ بنەمایەکی دروستی نیە و بەتەواوەتی ڕەتی دەکەینەوە، ئەگەر لەڕێی دزەکردنی زانیارییەوە بووبێت یاخوود شتی دیکە."

وتیشی " ئەمە دزەکردنی زانیارییە کە بەشێوەیەکی فەڕمی ئاشکرا نەکراوە و تێبینی ئەوەم کردووە کە ئەو هەواڵە تەنها لە هەڵسانگاندنێکەوە سەرچاوەی گرتووە نەوەک بەڵگەی حاشا هەڵنەگر."

هەروەها بە هەمان شێوە سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان پرسیاری لێکرا کە دەڵێت فەرمانی کوشتنەکە لە بەرزترین پلەی دەسەڵاتەوە بووە لە سعودیە، جوبەیر وتی " پێشتر بۆ تورکیامان ڕوون کردۆتەوە کە مەبەستیان چیە لە بەرزترین پلەی دەسەڵات و چەند جارێک جەختیان لەوە کردۆتەوە کە مەبەست لەوە شازادەی جێگرەوەی سعودیە نیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG