Accessibility links

یەکەمین نێردەی عەرەبستانی سعودیە بۆ کاروباری فەلەستینییەکان سەردانی کەناری ڕۆژئاوا دەکات


یەکەمین نوێنەری دیپلۆماسی عەرەبستانی سعودیە بۆ کاروباری فەلەستینییەکان لە یەکەم سەردانیدا بۆ کەناری ڕۆژئاوا کارنامەی خۆی پێشکەش بە سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباس کرد، ئەمەش لە گەشتێکدا کە پەیوەستە بە هەوڵەکانی ئەمەریکاوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسڕائیل.

سەردانەکەی باڵیۆز نایف ئەل سودەیری کە لە هەمان کاتیشدا باڵیۆزی سعودیەیە بۆ ئوردن، بە شێوەیەکی بەرچاو وەکو هەوڵێکی سعودیە سەیر دەکرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خاڵە سەرەکییەکەی ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسڕائیل، کە ئەوەش پشتیوانی درێژخایەنی سعودیەیە بۆ فەڵەستینییەکان. حکومەتی سعودیە دەڵێت تەنها لە حاڵەتێکدا پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی دەکاتەوە کاتێک بەرەوپێشچوونێکی گەورە هەبێت لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینیدا.

باڵیۆزەکەی سعودیە لەگەڵ مەحمود عەباسی سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان و بەرپرسانی دیکەی باڵای فەڵەستینیدا کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەباسدا، ئەل سودەیری بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بە ویستی خودا ئەم سەردانە دەستپێکی ئەو شتانە دەبێت کە دێن، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای فەڵەستینیدا کە ئەندازیاری پەیوەندییەکانمانن."

نزیکەی 16 ساڵ لەمەوبەر، ڕابەرانی وڵاتانی عەرەب لە ڕیاز کۆبوونەوە، بە مەبەستی جەختکردنەوە لە دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی، بەڵێنیاندا لە ڕووی دیبلۆماتییەوە دان نەنێن بە ئیسڕائیلدا هەتاوەکو چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ ململانێکەی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان نەدۆزرێتەوە. سەرەڕای ئەوەی هێشتا توندوتیژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان بەردەوامن، ڕێککەوتنێکی دیبلۆماتی مێژوویی لە نێوان ئیسڕائیل و سعودیەدا لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا باسی لێوە دەکرێت.

بەڵام چەندین بەربەست هەن لەبەردەم ئەو جۆرە ڕێککەوتنەدا. سعودییەکان هەوڵی دەستکەوتنی پەیماننامەیەکی بەرگری دەدەن لەگەڵ ئەمەریکادا و یارمەتییان دەوێت لە دروستکردنی پڕۆگرامی ئەتۆمی سڤیلی تایبەت بە خۆیان.

سعودیە دەشیەوێت ئیسڕائیل لانیکەم سازش لەسەر هەندێک شت بکات لە کەناری ڕۆژئاوا بۆ فەڵەستینییەکان.

باڵیۆزەکەی ئیسڕائیل ڕۆژی سێشەممە جەختی لە پابەندبوونی سعودیە کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینییەکان، بە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیمەوە وەکو پایتەختی دەوڵەتەکە.

بەڵام حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بە توندی دژایەتی ئەو بیرۆکەیە دەکات. ئەندامانی دەسەڵاتداری حکومەتەکەی سزایان بەسەر دەسەڵاتی فەڵەستینیدا سەپاندووە و بە ئاشکرا داوای لکاندنی کەناری ڕۆژئاوایان کردووە بە ئیسڕائیلەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG