Accessibility links

کۆمکاری وڵاتانی عەرەب داوای کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی ڕێبەرانی عەرەب دەکات


کۆمکاری وڵاتانی عەرەب لەسەر داوای پادشای سعودیـیە بانگهێشتی ڕێبەرانی وڵاتانی عەرەبی کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی بە پەلە لە شاری مەککە بە مەبەستی تاووتوێکردنی دوا پـێشهاتەکانی ناوچەکە.

سەرچاوەیەکی بەرپـرس لە ئەمیندارێتی گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەب ئەمڕۆ دووشەممە بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند ئەمیندارێتی گشتی شەوی یەکشەممە بانگهێشتنامەیەکی لە لایەن سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای عەرەبستانی سعودی بۆ ڕێبەرانی وڵاتانی عەرەب گەیاند کە تیایدا داوایان لێدەکات لە 30 ی ئەم مانگی پـێنجە کۆنگرەیەکی لووتکەیی بە پەلە لە شاری مەککە ئەنجام بدەن بۆ تاووتوێکردنی ئەو هێرشەی لەم دوایـیانەدا کرایە سەر کەشتیـیە بازرگانیـیەکان لە بەندەرێکی ئیمارات و هەروەها هێرشی حوسیـیەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر دوو وێستگەی نەوت لە سعودیـیە.

سەرچاوەکە لە درێژەی قسەکانی گوتوشیەتی ئەو هێرشانە جێی مەترسین بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی و هەروەها کاریگەریـیان هەیە بۆ سەر سەقامگیری بازاڕەکانی نەوتی جیهانی.

بەپـێی ئەم ڕاگەیاندنە پـێدەچێت ڕێبەری وڵاتی قەتەریش بۆ کۆبوونەوەکە بانگهێشتکرابێت، بۆیە ئەحمەد بن سەعید ئەلڕومەیحی بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە تویتەرەکەی نووسیویەتی" سەرچاوەیەکی بەرپـرس بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی میسر: کۆمکاری عەرەب بانگهێشتنامەی شا سەلمانی بۆ ڕێبەرانی وڵاتانی عەرەب ناردووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی لوتکەیی لە مەککە."

پـێشتر هەر ئەمڕۆ لە نووسینێکی دیکەیدا لێدوانێکی سوڵتان بن سەعەد ئەلمورەیخی وەزیری دەوڵەتی وڵاتەکەی بۆ کاروباری دەرەوەیی بڵاوکردەوە کە ڕەخنەی گرتبوو لەوەی قەتەر بانگهێشت نەکراوە بۆ بەشداریکردن لە دوو کۆنگرەدا.

وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستانی سعودیـیە ئەویش لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی، لەسەر بانگهێشتنامەی شا سەلمان دوو کۆبوونەوەی لوتکەیی لە مەککە ئەنجام‌دەدرێت، یەکێکیان بۆ وڵاتانی هاریکاری کەنداو و ئەوی دیکەیان بۆ تەواوی وڵاتانی عەرەب.

XS
SM
MD
LG