Accessibility links

وێنەی مانگە دەستکردەکان: ڕووسیا سیستمی موشەکی بەرگری ئاسمانی ئێس – 300 لە سوریا دەگوازێتەوە


ئێس - 300
ئێس - 300

بەپێی کۆمپانیایەکی وێنەی مانگە دەستکردەکانی ئیسڕائیل، ڕووسیا سیستمی موشەکی بەرگری ئاسمانی ئێس – 300 ی لە سوریاوە گواستۆتەوە بۆ بەندەرێکی ڕووسیا لەنزیک کرایمییە، ئەمەش لە هەوڵێکی ئاشکرادا بۆ پتەوکردنی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە لە جەنگەکەیدا دژی ئۆکرانیا.

کۆمپانیای ئیمەیجسات ئینتەرناشناڵی ئیسڕائیل لە مانگی چواردا کۆمەڵێک وێنەیەی گرتووە کە تیایاندا سیستمێکی موشەکی بەرگری ئاسمانی ئێس – 300 لە مەسیافی سوریا پیشان دەدەن، لە 25 ی مانگی هەشتدا ئەو شوێنە چۆڵکراوە و سیستمەکە گواستراوەتەوە بۆ بەندەری تەرتوس.

لە وێنەکانی دیکەدا ئەو بەشانەی سیستمەکە کە لە نێوان 12 و 17 و 20 ی مانگی هەشتدا لە بەندەری تەرتوس بوون نەماون، کۆمپانیاکە وتی سیستمەکە گواستراوەتەوە بۆ کەشتییەکی ڕووسی " سپارتا 2 " کە تەرتوسی سوریای جێهێشتووە و ڕۆیشتووە بۆ بەندەری نۆڤۆرۆسیسکی ڕووسیا.

داتاکانی ڕیفینیتیڤ ئیکۆن دەریدەخەن کە کەشتی سپارتا 2 لە ئێستادا لە نۆڤۆرۆسیسکە، لەڕێی تەنگەی دەردەنیلی تورکیاوە گەیشتۆتە بەندەرە ڕووسییەکە.

لە ساڵی 2015 ەوە ڕووسیا بوونی سەربازی خۆی لە سوریا پاراستووە.

ئەگەر پشتڕاست بکرێتەوە ئەوا ئەمە هەنگاوێکی گرنگی ڕووسیا دەردەخات بۆ پتەوکردنی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا، کە لەم هەفتانەی دواییدا هێزەکانی بەهۆی هێرشەکانی ئۆکرانیاوە زیانییان بەرکەوتووە.

لەم مانگەدا و لە تەنها یەک بۆنەدا هەشت فڕۆکەی شەڕکەری ڕووسیا لە کۆمەڵێک تەقینەوەدا لە بنکەیەکی ئاسمانی لە کرایمییە لەناوچوون. ئۆکرانیا ڕەتی کردۆتەوە بەرپرسیارێتی تەقینەوەکان و چۆنێتی ئەنجامدانی هێرشەکان ڕابگەیەنێت.

وێنەکانی مانگە دەستکردەکەی کۆمپانیاکە دەریدەخەن بەشەکانی ڕاداری سیستمە موشەکییەکە بە جیا لە بنکەی مەسیەفەوە گواستراونەتەوە بۆ بنکەی ئاسمانی حەمیمیمی ڕووسیا لە کەناراوەکانی سوریا لە باکووری تەرتوس.

شیکەرەوەکانی کۆمپانیاکە ئاماژەیان بەوەدا قەبارە و کێشی ڕادارەکە وایکردووە مەحاڵ بێت لەڕێی دەریاوە بگوازرێتەوە و ڕەنگە لەڕێی فڕۆکەی لیوشین – 76 ەوە لە حەمیمیمەوە گواسترابێتنەوە بۆ ڕووسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG