Accessibility links

تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 1994 ی ڕواندادا


ئەمانەی خوارەوە کۆمەڵێک وردەکارین سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکەی ناو ڕواندا لە ساڵی 1994 دا کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1 ملیۆن کەس. ڕۆژی یەکشەممە ڕواندا یادی تێپەڕبوونی 30 ساڵی بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا کردەوە.

لە ساڵی 1990 دا یاخیبووانی بەرەی نیشتیمانی ڕواندا کە توتسی زاڵ بوو بەسەریدا، باکووری ڕواندایان لە ئوگەندای دراوسێی داگیرکرد. سەرکەوتنی بەرەی نیشتیمانی ڕواندا وایکرد سەرۆک جوڤیناڵ هابیاریمانا کە هوتو بوو چاکسازییە سیاسییەکان خێراتر بکات.

لە مانگی هەشتی ساڵی 1993 دا، ڕواندا و بەرەی نیشتیمانی ڕواندا ڕێککەوتنێکییان واژۆ کرد بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی چەندین ساڵەی ناوخۆ، ئەوەش ڕێگەیدا بە هاوبەشیکردنی دەسەڵات و گەڕانەوەی ئاوارەکان. هابیاریمانا خاو بوو لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا، حکومەتە کاتییەکەش شکستی هێنا لە دەستبەکاربوون.

لە 6 ی مانگی چواری ساڵی 1994 دا، هابیاریمانا و سەرۆکی بروندی دراوسێی ڕواندا جیبریان نتاریامیرا، کە هەردووکییان هوتوس بوون، لە هێرشێکی ڕۆکێتدا بۆ سەر فڕۆکەکەیان بەسەر کیگالی پایتەختەوە کوژران.

ڕۆژی دوای ئەوەی پاسەوانانی سەرۆکایەتی، سەرۆک وەزیری وڵاتەکە، کە هوتویەکی مامناوەند بوو، ئاگاثا ویلینگیمانایان کوشت، ئاگاثا هەوڵی هێورکردنەوەی گرژییەکانی دەدا.

کۆمەڵکوژی:

مەرگی هابیاریمانا بووە هۆی توندوتیژییەک لە وڵاتە بچووکەکەدا کە 100 ڕۆژی خایاند، توندوتیژییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن هوتوسەکانەوە دژی توتسیسەکان ئەنجام دەدران. زیاتر لە یەک ملیۆن کەس کوژران، زۆرێکییان بە چەقۆی گەورە لەلایەن گروپی چەکداریی ئینتەراهاموییەوە کوژران.

بەرەی نیشتیمانی ڕواندا پێشڕەوی کرد و کۆنتڕۆڵی ڕواندای کرد، ئەوەش دوای ئەوەی 40,000 سەربازی هوتو و زیاتر لە 2 ملیۆن هاووڵاتی سڤیلی هوتوی دەربەدەر کرد بۆ بروندی و تانزانیا و زایری پێشوو، کە ئێستا کۆماری دیموکراتی کۆنگۆیە.

لە مانگی حەوتی ساڵی 1994 دا، حکومەتێکی نوێ سوێندی یاسایی خوارد، پاستیور بیزیمونگو کە هوتو بوو وەکو سەرۆک دەستنیشانکرا، فەرماندەی بەرەی نیشتیمانی ڕواندا پۆڵ کاگامیش وەکو جێگری سەرۆک دەستنیشانکرا. لە مانگی چواری ساڵی 2000 دا کاگامی وەکو سەرۆکی ڕواندا دەستنیشانکرا و لەو پۆستەدا مایەوە.

دادگاییکردنەکان:

لە مانگی دوانزەی ساڵی 1996 دا، یەکەمین دادگاییکردنی کۆمەڵکوژییەکەی ڕواندا لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ ڕواندا دەستیپێکرد، لە ئاروشای باکووری تانزانیا.

لە دادگاییکردنەکەدا زیاتر لە 3000 شایەتحاڵ قسەیان کرد، 96 کەس تۆمەتبارکران، 61 کەسییان سزا دران، سەرۆک وەزیری پێشووی ڕواندا جین کابماندا و کۆلۆنێڵی پێشوو ثیۆنیست باگۆسۆرا کە بە تۆمەتی سەرکردایەتیکردنی هێزەکان و گروپی چەکداریی ئینتەراهاموی تۆمەتبارکرابوو، سزا زیندانی تا هەتاییان بەسەردا سەپێندرا.

زۆربەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی پەیوەندییانەوە بە کۆمەڵکوژییەکەوە تۆمەتبارکرابوون، لە دادگاکانی " گاکاکا " ی ناو ڕواندادا دادگاییکران.

هێزەکانی ڕواندا لە ساڵەکانی نەوەدەکاندا دوو جار هێرشییان کردووەتە سەر کۆنگۆ، لە هەوڵیاندا بۆ لە ناوبردنی تاوانبارانی کۆمەڵکوژییەکە. بەپێی خەمڵاندنەکان ململانێکان لەوێ بوونەتە هۆی کوژرانی چەند ملیۆن کەسێک، زۆربەیان بەهۆی برسێتی و نەخۆشییەوە گیانییان لە دەستداوە. دادوەری باڵای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لویس مۆرینۆ ئۆکامپۆ هەتاوەکو ساڵی 2012، جەنگەکەی ساڵانی نێوان 1998-2003 ی لە کۆنگۆ بە " گەورەترین ململانێی چەکداریی داناوە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG